سەردێر

دەربەندیخان.. سەنتەرێك بۆ ڕاهێنانەوەی منداڵانی ئۆتیزم كرایەوە

خەڵك
ئەمڕۆ 18_9_2021 سەنتەرێكی ئەهلی بە ناوی (سەنتەری هیمەت بۆ ڕاهێنانەوەی ئۆتیزم) لە قەزای دەربەندیخان كرایەوە كە ڕۆژانە 17 منداڵی ئۆتیزم ڕووی تێدەكەن و بۆ هەر منداڵێك مامۆستایەكی تایبەت هەیە.

كاوە حاجی، سەرۆكی ڕێكخراوی هیمەت و سەرپەرشتیاری سەنتەری هیمەت بۆ ڕاهینانەوەی مندالانی ئۆتیزم كە خاوەن پێداویستی تایبەتشە، بە(خەڵك)ی ڕاگەیاند، ئێمە وەك ڕێكخراوی هیمەت كە سەربەخۆ و بێلایەنین ئەمڕۆ ئەو سەنتەرەمان لە قەزای دەربەندیخان كردەوە بە ئامادەبوونی وەزیری كار و كاروباری كۆمەڵایەتی، كە تەنها ئامانجمان خزمەتكردنە.

ئاماژەی بە ئەوەشكرد، بیرۆكەی كردنەوەی ئەو سەنتەرە لەوەوە هات كە ڕۆژانە كەسوكاری ئەو منداڵانەی نەخۆشی ئۆتیزمیان هەیە لە ڕێگەی (دەربەندیخان_سلێمانی) دەبوونە قوربانی كە ئەو ڕێگایە بەڕێگەی مەرگ ناسراوە، هەندێك خێزانیش بەهۆی ئەوەی منداڵی ئۆتیزمیان هەیە باریان كردووە بۆ سلێمانی و ناوچەكانی دیكە، بۆیە بیرمان لەوە كردەوە وەك هاوكارییەك بۆ ئەو كەسانە سەنتەرێكی تایبەت بە منداڵانی ئۆتیزم دروست بكەین.

وتیشی، سەنتەرەكە دەبێتە یەكەم سەنتەری ئەهلی لە كوردستان كە خزمەت بە منداڵانی ئۆتیزم بكات و سەرجەم ڕێنماییەكانی تێدا پەیڕەو دەكرێت، كە بەهاوكاری خێرخوازان كراوەتەوە لە ڕێگەی سندوقی هاوكاری كە لەزۆربەی شوێنەكان دامان ناوە بە دروشمی (لەبەخشینی كەم شەرم مەكە، چونكە نەبەخشین لەوە كەمترە) كە هاووڵاتیان و خێرخوازان بەپێی توانای خۆیان هاوكارمانن.

ئاماژەی بە ئەوەشكرد، ڕۆژانە 17 منداڵی ئۆتیزم سەردانی سەنتەرەكە دەكەن كە 15 یان كوڕن و دوانیان كچن، بۆ هەرمنداڵێك مامۆستایەكی تایبەت هەیە كە دەرچووی بەشەكانی(پەروەردەی تایبەت، دەرونناسی، كۆمەڵناسی) ن واتە مامۆستای تایبەت و ڕاهێنانیان پێكراوە و ڕاهێنەرێكی تایبەتمەندیش هەیە كە لەوڵاتی ئێران بڕوانامەی بەدەستهێناوە و ڕاهێنان بە منداڵەكان و مامۆستاكانیش دەكات.
باسی لە ئەوەشكرد، بۆ هەرمنداڵێك 150 دینار وەردەگرین بە پاسی تایبەت كە هەر بە هاوكاری خێرخوازان كڕیومانە، منداڵەكە لە خێزانەكەی وەردەگیرێت و نیوەڕۆ ڕادەستیان دەكرێتەوە، دووژەم (بەیانی_نیوەڕۆ) خواردنیان پێدەدرێت.

ئاماژەی بەوەشكرد، زانست سەلماندوویەتی زۆرینەی ئەو منداڵانەی تووشی ئۆیزم دەبن كوڕن بە جۆرێك كە لە سێ‌ تووشبووی ئۆتیزم دوانیان كوڕە.

بە پێی هەندێك لە سەرچاوە تەندروستیەكان ئۆتیزم بریتیە لە: شێوان و تێكچوونی شێوازی هەڵسوكەوت و بیركردنەوە و پەیوەندی كردنی منداڵ لەگەڵ كەسانی دەوروبەر و رێژەی تووش بوونەكەش لە منداڵێكەوە بۆ یەكێكی دیكە دەگۆڕێت، هەندێكێان نیشانەكانیان لاوازە، كە ئەو جۆرانە دەتوانن بە شێوەیەكی سەربەخۆ ژیان بەسەر ببەن و هەندێكی دیكەشیان پێویستیان بە كەسانی دیكە هەیە بۆئەوەی درێژە بەژیان بدەن.

No description available.

No description available.

No description available.

No description available.