سەردێر

مەسرور بارزانی: هیوادارم هەڵبژاردن دوور لە ساختەكاری بەڕێوەبچێت

خەڵك
مەسرور بارزانی، رایگەیاند، هیوادارم پرۆسەی هەڵبژاردنەكان بە شێوەیەكی ئارام و دادپەروەرانە و دور لە ساختەكاری و توندوتیژی بەڕێوە بچێت، بەتایبەتی لە ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم.

بەپێی ڕاگەیاندراوی نوسینگەی سەرۆكی حكومەتی هەرێم ، ئەمڕۆ شەممە 18ی ئەیلولی 2021 مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان، پێشوازی لە ڤیۆلا ڤۆن كرامۆن سەرۆكی نێردەی یەكێتیی ئەوروپا بۆ چاودێریكردنی هەڵبژاردنەكانی عێراق و شاندێكی یاوەری كرد وەو گفتوگۆیان لەبارەی چەند پرسێك كردووە.
ئاماژە بە ئەوەشكراوە، لە دیدارەكەدا ، سەرۆكی نێردەی یەكێتیی ئەوروپا، كورتەیەكی دەربارەی كار و چالاكیی و ئەركەكانی نێردەكە خستەڕو كە ئامانجیان چاودێریكردنی پرۆسەی هەڵبژاردنەكانی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقە ، جەختیشی كردەوە كە ئەركی ئەوان، تەنیا چاودێریكردنە و دەستوەردان لە بەڕێوەچونی پرۆسەی هەڵبژاردنەكان ناكەن .

باس لە ئەوەشكراوە، سەرۆكی حكومەت وێڕای نرخاندنی ڕۆڵی گرنگیی یەكێتیی ئەوروپا لە چاودێریكردنی هەڵبژاردن ، هیواشی خواست، پرۆسەكە بە شێوەیەكی ئارام و دادپەروەرانە و دور لە ساختەكاری و توندوتیژی بەڕێوە بچێت، بەتایبەتی لە ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم .

کۆبوونەوەی مەسرور بارزانی و ڤیۆلا ڤۆن کرامۆن. وێنە: سەرۆکایەتیی حکومەتی هەرێمی کوردستان