سەردێر

مامۆستایان داوای ڕۆژێك پشوو دەكەن

 

خەڵك-
بەشێك لەمامۆستایان داواكارن، ڕۆژانی شەممە لە خوێندنگەكان بكرێتە پشوو.

هاوڕێ ئەحمەد، مامۆستا و چالاكوانی پەروەردەیی بە(خەڵك)ی ڕاگەیاند، پێویستە ڕۆژانی شەممە لە خوێندنگەكان بكرێتە پشوو، ئەمەش داوایەكە زۆرینەی مامۆستایان لایان پەسەندە.

ئاماژەی بەئەوەشدا، كاتێك دەوامی خوێندنگە دەستپێدەكات، وەك ئەوەیە خوێندكار زیندانی كرابێت، چونكە كاتی پشووی نییە و ڕۆژانە شەش وانەی جۆراوجۆر هەمووی بەدوای یەكدا دەخوێنێت.

باسی لەئەوەشكرد، ئەم خوێندكارە پێویستی بەكاتێك بۆ پشوودانی مێشكی هەیە، هەرچەندە ڕۆژی هەینی وەك پشوو دانراوە، بەڵام ئەم ڕۆژە كەمە بۆ خوێندكارێك، كە شەش ڕۆژ لەسەر یەك هەموو ڕۆژێك شەش وانەی جیاوازی خوێندبێت.

ئەوەشی خستەڕوو، كاتێك خوێندكار پاش دوو ڕۆژ لەپشوو گەڕایەوە بۆ خوێندنگە گڕوتینێكی زیاتری هەیە و زیاتر خوێندنگەی لا خۆشەویست دەبێت.

ئاماژەی بەئەوەشدا، نەك تەنها خوێندكاران بەڵكو مامۆستایانیش پێویستیان بەپشوو هەیە و لە پاش ئەو دوو ڕۆژە پشووە بەوزەیەكی زیاتر و گڕوتینێكی زیاترەوە دەتوانێت بگەڕێتەوە ناو هۆڵەكانی خوێندن.

ناوبراو ڕوونیشیكردەوە، پشووی شەممان كاریگەری ناكاتە سەر وانەكان و مامۆستایان دەتوانن لەكاتی خۆیدا وانەكان تەواو بكەن.

ئەوەشی باسكرد، ئەوەی ئێستا دەكرێت تەنها تەواوكردنی كتێبەكانە، ئەگەرنا پەروەردە و فێركردنێكی باش نییە.

ئاماژەی بەئەوەشدا، لەساڵی ١٩٩١ەوە دەبوو حكومەتی هەرێم گۆڕانكاری لەبواری پەروەردەدا بكردایە و ساڵ بەساڵ بەرەوپێشی ببردایە، بەڵام بەداخەوە هەنگاوەكان كاریگەری زۆری نەبوو.