سەردێر

بەنزینەكەی بەغدا لەم بەنزینخانانەی سلێمانی و هەڵەبجە دەفرۆشرێت

خەڵك-

وتەبێژی بەنزینخانەكانی سلێمانی ڕایدەگەیەنێت، هاتنی بەنزینەكەی عێراق كاریگەری لەسەر دابەزینی نرخی بەنزین دەبێت.

ئەمڕۆ شەممە ئەو بەنزینەی لەلایەن حكومەتی عێراقەوە بۆ پارێزگاكانی هەرێمی كوردستان دابینكرابوو گەیشتە هەردوو پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە.

بەهمەن شێخ قادر، وتەبێژی بەنزینخانەكانی سلێمانی بە (خەڵك)ی ڕاگەیاند، درەنگانێكی شەوی ڕابردوو بەنزینەكەی عێراق گەیشتە شاری سلێمانی و بڕیاریشە ڕۆژانە 360 هەزار لیتر بۆ سلێمانی و 144 هەزار لیتریش بۆ پارێزگای هەڵەبجە دابین بكرێت.

وتیشی، “بەنزینەكە بۆ 10 بەنزینخانە دابین كراوە و پڕۆسەی دابەشكردنەكە بەچاودێری نوێنەری بەڕێوەبەرایەتی نەوت و كانزاكانی سلێمانی بەڕێوەدەچێت و بە 690 دینار بە هاووڵاتیان دەفرۆشرێت”.

جەختی لەوەش كردەوە، ئەگەری هەیە هاتنی ئەم بەنزینە، كاریگەری لەسەر نرخی جۆری بەنزینەكانی دیكەش دروست بكات.

بەپێی ڕاگەیەنراوی بەڕێوەبەرایەتی نەوت و كانزاكانی سلێمانی لە ناو شاری سلێمانی 10 بەنزینخانە دیاری كراوە بۆ فرۆشتنی بەنزینەكە عێراقییەكە، كە بریتین لە (بامۆک، بەختیار، برایەتی، حەوایی، قەیوانی ۱، مژدە، های ماونت HM، هەڵەبجە گرووپ، ئازادی ، سلێمانی نوێ).

هەروەها لە دەرەوەی شار لە بەنزینخانەكانی (رانیە لە ویستگەی رانیە ئۆیەڵ، قەڵادز لە ویستگەی ئاکام، دربەندیخان لە ویستگەی چیا، شارەزوور لە ویستگەی دەروازەی شار، پێنجون لە ویستگەی ئاڵا، کەلار لە ویستگەکانی شێروان و برایان، چوارتا لە ویستگەی تەگەران، بازیان لە ویستگەی بازیان).

هاوكات لە شاری هەڵەبجە لە بەنزینخانەكانی (شکار، شمێران، خورماڵ، سان، ئاوێسەر، عدنان، سیروان) بەنزینی عێراقی بە نرخی 690 دینار دابەش دەكرێت.