سەردێر

سەربازی زۆرەملێ‌ لە هەرێمی كوردستان پەیڕەو دەكرێت؟

خەڵك-
جێگری سەرۆكی لیژنەی كاروباری پێشمەرگە لە پەڕلەمانی كوردستان ئاشكرای دەكات، بۆ پەیڕەوكردنی سیستمی سەربازی زۆرەملێ‌ چاوەڕێی حكومەتی عێراق دەكەین با بزانین لەوێ‌ یاساكە دەربچێت و چۆن جێبەجێ‌ دەكرێت.

عوسمان كەریم، جێگری سەرۆكی لێژنەی كاروباری پێشمەرگە لە پەڕلەمانی كوردستان بۆ (خەڵك) ڕایگەیاند، بۆ پەیڕەو كردنی سیستمی سەربازی زۆرەملێ‌ لە هەرێمی كوردستان گفتوگۆی لەسەر كراوە، بەڵام تا ئێستا هیچ هەنگاوێكی كرداری نەنراوە.

ڕاشیگەیاند، چاوەڕێی حكومەتی عێراق دەكەین، بزانین ئەو یاسایەی ئەوان دوای پەسەند كردنی چۆن پەیڕەو دەكرێت و لە بواری جێبەجێكردندا چۆن دەبێت، ئەوكات ئەگەر زانیمان سەركەوتووە دەوانین ئێمەش یاسایەكی تایبەت بە خۆمان دەربكەین بۆی.

جەختیشی كردەوە، بۆ پەیڕەو كردنی سەربازی زۆرەملێ‌ تا ئێستا لە هەرێم هەنگاوی فەرمی لەبارەیەوە نەهاوێژراوە.

مانگی ڕابردوو حكومەتی عێراق پڕۆژە یاسای پەیڕەوكردنی سیستمی سەربازی زۆرەملێ‌ (تجنید العسكری)ی پەسەند كرد و ڕەوانەی پەڕلەمانی كرد بۆ دەنگدان لەسەری، كە بەپێی پڕۆژەكە هەر سەربازێك بەپێی بڕوانامەكە ماوەی سەربازی بۆ دیاری دەكرێت و لە تەمەنی 18 ساڵییەوە دەستپێدەكات لەگەڵ پێدانی مووچەی مانگانە لە 500 هەزار بۆ 750 هەزار دینار.