سەردێر

چێشتخانە و ڕێستۆرانتەكان باجەكەی حكومەت لە هاووڵاتیان وەردەگرنەوە

خەڵك-
پاشئەوەی حكومەتی هەرێم باجی خواردنی خستە سەر چێشتخانە و ڕێستۆرانتە چوار و پێنج ئەستێرەییەكان، خاوەنی ئەو پڕۆژانە داوای كەمكردنەوەی ئەستێرەكانیان دەكەن، بۆئەوەی ئەو باجە نەدەن بە حكومەت.

حكومەتی هەرێم بڕیاریدا لەسەدا ١٠ی باج بخاتە سەر ئەو خواردنەی لەچێشتخانە و ڕێستۆرانەتە چوار و پێنج ئەستێرەییەكان دەخورێت، خاوەن پڕۆژەكانیش ڕاستەوخۆ باجەكەیان خستە سەر شانی هاووڵاتییان.

هەندێك لەخاوەن پڕۆژەكان بۆئەوەی ئەو باجە نەدەن، داوایان كردووە، كە ژمارەی ئەستێرەكانیان بۆ كەمبكەنەوە، بەڵام ئەمەش لەلایەن بەرپرسانی حكومەتی هەرێمەوە ڕەتكرایەوە.

عەلی ڕەئوف، بەڕێوەبەری گەشتوگوزاری سلێمانی بە(خەڵك)ی ڕاگەیاند، بەپێی كۆمەڵێك ڕێنمایی ئەستێرەی پڕۆژەیەك دیاری دەكەن، بۆیە ئەو خاوەن پڕۆژەیە بەدەستخۆی نییە، ئەستێرەكان زیاد بكات یان كەمی بكات.

ئاماژەی بەئەوەشدا، ئەو شوێنانەی كە ئەستێرەیان پێدراوە، دیارە مەرجەكانیان تێدابووە، بۆیە وەریانگرتووە، ئێستاش بۆنموونە ئەگەر پڕۆژەیەكی خاوەن پێنج ئەستێرە بیەوێت ئەستێرەكانی كەمبكەنەوە، دەبێت خزمەتگوزارییەكانیشی كەمبكاتە بۆ ئاستی ئەو ئەستێرەیەی كە خۆی دەیەوێت.

باسی لەئەوەشكرد، خاوەن چێشتخانە و ڕێستۆرانتەكان ئەم بڕیارەی حكومەتیان پێ خۆش نییە، بەڵام كە بڕیارەكە دەرچووە بۆ هەموو هەرێمی كوردستانە و دەسەڵاتی ئەوانیشی تێدانییە.

ئەمە لەكاتێكدایە حكومەتی هەرێم بۆ زیادكردنی داهاتی خۆی، باج و ڕسوماتی زیادكردووە، ئەمەش نیگەرانی لای هاووڵاتییان دروستكردووە.