سەردێر

جگە لە كتێب، بابەتی دیكە بەسەر قوتابخانەكان دابەش دەكرێت

خەڵك-

بەڕێوەبەرای كۆگاكانی پەروەردەی سلێمانی ڕایدەگەیەنێت، بۆ ئەمساڵی خوێندن سەد لە سەد پەرتوك بەسەر خوێندكاران دابەش دەرێت.

بەهۆی لاوازی بەڕێوەچوونی پڕۆسەی خوێندن لە چەند ساڵی ڕابردوودا، سەرجەم ناوەندە پەروەردەییەكانی هەرێم كەموكوڕی زۆریان بۆ دروستبووە و بڕیاریشە ئەمساڵ پڕۆسەی خوێندن لەناو پۆل و بە تەواوی ڕۆژەكانەوە بێت، بەپێی زانیارییەكانیش سەرجەم پێداویستییەكانی پڕۆسەكە دابین دەكرێت.

نوعمان عوسمان، بەڕێوەبەری كۆگاكانی پەروەدە لە سلێمانی بە (خەڵك)ی ڕاگەیاند، بۆ ئەمساڵی خوێندن دابەشكردنی پەرتوك سەد لە سەد دەبێت و بەسەر هەموو خوێندكاران دابەش دەكرێت، ئەویش بەپێی ئاماری “ئ”ی پەروەردە دەدرێتە پەروەردەكان و بەردەوامیشین لە دابینكردنی كتێب و گەیاندنی بە پەروەردە و قوتابخانەكان.

وتیشی، “ئەوەی بەدەستی ئێمە دەگات تا ئێستا نزیكەی 70% دەبێت، بەردەوام دەیگەیەنینە كۆگای پەروەردە، كە 12 پەروەدەیە، پەروەدەكانیش بەرنامەی خۆیان هەیە و لە یەك شەممەی ڕابردووەوە دەستیان بە دابەشكردنی كتێب كردووە”.

سەبارەت بە دابینكردنی پێداویستی دیكە، ناوبراو ئاشكرایكرد، لەم ڕۆژانەدا وەزارەتی پەروەردە داوای پێداویستییان لێكردووین، بەتایبەت زۆپا و كۆمپیوتەر و ڕحلە و وایت بۆرد و لاپتۆپ و پێداویستی دیكە و ئێمەش ناردومانە بۆ وەزارەت، ئەوانیش سەرقاڵی دابینكردنی پێداویستییەكانن، بەڵام نازانن تا چەند دابین دەبێت یان نا.