سەردێر

پێشنیارێك بۆ زیادكردنی دەرماڵەی مامۆستایان و پلەبەرزكردنەوە ئاشكرادەكرێت

خەڵك-
سەندیكای مامۆستایانی عێراق كۆمەڵێك پێشنیار دەخاتە بەردەم ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق، كە لەنێویاندا داوای زیادكردنی دەرماڵەی پەروەردەیی و پلەبەرزكردنەوەی مامۆستایان دەكات.

عەباس سۆدانی، نەقیبی سەندیكای مامۆستایانی عێراق لە لێدوانێكیدا، كە (ناوەندی هەواڵی نیشتمانی) بڵاویكردۆتەوە، ئاماژەی بەوەكردووە، ئەنجوومەنی ناوەندی سەندیكا كۆبۆتەوە و چەند داواكارییەكی خستۆتە بەردەم ئەنجوومەنی وەزیران تاوەكو دۆخی مامۆستایان باشترببێت بەتایبەتیش پێدانی پلەبەرزكردنەوە و سەرمووچە، كە چچەند ساڵێكە ڕاگیراوە و كاریگەری خراپی كردۆتە سەر مافەكانی مامۆستایان.

ڕاشیگەیاندووە، گفتوگۆیان كردووە لەسەر دواكەوتنی مووچەی دامەزراوە پەروەردەییەكان بەهۆی گواستنەوەی دەسەڵاتەكانەوە، چونكە ئەوە چەند مانگێكە دووبارە دەبێتەوە و داوامان كردووە یاسای ژمارە 21ی تایبەت بە گواستنەوەی دەسەڵاتەكان هەڵبوەشێتەوە، چونكە كاری كارگێڕی نێوان وەزارەتی پەروەردە و ئەنجوومەنی پارێزگاكانی ئاڵۆز كردووە.

نەقیبی سەندیكای مامۆستایانی عێراق دەشڵێت: “كێشە هەیە لە خەرج كردنی سەرمووچە، كە هۆكارەكەی وەزارەتی داراییە و هەروەها دابەشكردنی مووچەش بەردەوام دوادەكەوێت بەهۆی كێشەی كارگێڕی نێوان دارایی و ئەنجوومەنی پارێزگاكان، چونكە تا ئێستا هەژماری تایبەت بە پڕۆسەی خەرج كردن تەواو نەكراوە”.

ئاشكراشی كرد، داوایان لە ئەنجوومەنی وەزیران كردووە دەرماڵەی مامۆستایان و كەرتی پەروەردە لە 150 هەزار دینارەوە زیاد بكات بۆ 250 تا 300 هەزار دینار بۆ ڕەچاو كردنی دۆخی گوزەرانی مامۆستایان.