سەردێر

بۆ وەرزی باران بارینی ئەمساڵ پێشبینییە كەشناسییەكان بڵادەكرێنەوە

خەڵك-
بەپێی ڕاپۆرتە كەشناسییەكان، لە وەرزی پاییز و زستانی ئەمساڵدا باران و بەفر ناوچەكانی هەرێمی كوردستان دەگرێتەوە و لەگەڵ هاتنی بەهار ڕێژەكەی زیاتر دەبێت و مەترسی وشكەساڵی دەڕەوێتەوە.

ئاراس جەبار، شارەزای كەشناسی بۆ (خەڵك) ئاماژەی بەوەكرد، دیاردەی لانینا بۆ ئەمساڵیش بەتایبەت لەمانگی ٧ەوە گەشەی سەندۆتەوە ڕووە ئاویەكانی زەریای ھێمن لەناوەڕاستەوە سات بۆ سات بەرەو ساردبوونەوەیەك دەچێت تا كۆتایی مانگی ١٢ ئەم گەشەسەندنەی دیاردەی لانینا بەردەوامی ئەبێت و پلەی گەرمی ڕووی زەریاكە لە كۆتا ئاستیدا نزمدەبێتەوە بەرێژەی -١.٠ بۆ ژێر تێكڕای ئاستی ئاسایی خۆی و وا چاوەروان دەكرێت لەمانگەكانی ١ و ٢ وەرزی زستاندا بەرەو كۆتایی وەرزی بەھار سات بۆ سات پلەی گەرمی ڕووە ئاویەكان بەرزببنەوە بۆ نزیك تێكرای ئاسای -٠.٥ & -٠.٠ واتا نۆرماڵێكی نزیك لانینا كە ئەمەش تارادەیەك گۆرانكاری بەسەر كەشوھەوای جیھاندا ئەھێنێتەوە.

دەربارەی وەرزی بارانبارینی ئەمساڵ وتی، “قۆناغی یەكەم لەسەرەتای وەرزی پاییزەوە تا نیوەی یەكەمی وەرزی زستان بەشێوەیەكی گشتی ئاستی بارانبارین لەناوچەكانی ھەرێمی كوردستان لە خوار تێكڕای ئاسایی خۆیەوە دەبێت و زیاتر وشكی و كاریگەری بەرزە پاڵەپەستۆكان زاڵدەبن بەسەر كەشی ناوچەكەدا بەراورد بە نزمە پاڵەپەستۆ باراناوییەكان و نا یەكسانی لە دابەشبوونی بارانبارین بەسەر ناوچەكاندا لەم قۆناغەدا ڕووئەدات و تێكڕای پلەكانی گەرما لەسەروو تێكڕای ئاساییەوە دەبن”.

ئاماژەی بەوەشكرد، قۆناغی دووھەم لەنیوەی دووەمی وەرزی زستانەوە بۆ كۆتایی مانگەكانی وەرزی بەھار، كە لەم قۆناغەدا دیاردەی لانینا كەمدەبێتەوە كاریگەریەكانی گۆڕانكاریەكان جیاواز دەبن، بەشێوەیەكی گشتی تێكڕای بارانبارین لەناوچەكانی ھەرێمی كوردستاندا دەگەڕێتەوە بۆ تێكڕای ئاسایی خۆی و مەترسیەكانی وشكی قۆناغی یەكەم كەمدەبێتەوە لەسەر ناوچەكە و تیایدا كاریگەری ماوەی بەرزە پاڵەپەستۆیەكان كورت دەبنەوە لەسەر ناوچەكە و نزمە پاڵەپەستۆ باراناوییەكان باڵادەست ئەبنەوە و تێكڕای پلەكانی گەرماش لەم قۆناغەدا زیاتر لە ئاستی ئاسایی بۆ كەمێك سەروو ئاسایی ئەبن.

ئەو شارەزایەی كەشناسی جەختیشی كردەوە، ئەمساڵ پشتیوان بەخودا مەترسی وشكەساڵی دروست نابێتەوە لەسەر ناوچەكانمان و ساڵێكی ئاسایی ئەبێت و لە تەواوی ناوچەكان بڕی پێویستی باران ئەبارێت بەتایبەت لە نیوەی دووەمی وەرزی زستان و وەرزی بەھاردا.