سەردێر

شێخی ئەزهەر كاتی هاتنی بۆ عێراق و هەرێم دیاریكرد

خەڵك-
شێخی ئەزهەر لە میسر ئاشكرای دەكات، كە لە سەرەتای مانگی 11ی ئەمساڵدا سەردانی عێراق دەكات و دێتە هەرێمی كوردستانیش.

ئەحمەد تەیب، شێخی ئەزهەر لە میسر لە لێدوانێكی ڕۆژنامەوانیدا ئاماژەی بەوەكردووە، لە سەرەتای مانگی 11ی داهاتوودا سەردانی عێراق دەكات و دەچێتە شارەكانی بەغدا و نەجەف و موسڵ و لە هەرێمی كوردستانیش سەردانی هەولێر دەكات.

وتوشیەتی، “عێراق وڵاتێكی خۆشەویستە لە دڵمدا و زۆر حەز بە سەردانی ئەو وڵاتە و دیداری خەڵكە بەڕێزەكەی دەكەم”.

ئاماژەی بەوەشكردووە، چەندین هاوبەشی گەورە لەنێوان عێراق و میسر هەیە و هەردووكیان دوو جەمسەری گرنگن لە جیهانی ئیسلامیدا.

ئەمە لەكاتێكدایە، كە ئەحمەد نایف دلێمی، باڵیۆزی عێراق لە قاهیرە ڕایگەیاندووە، لەگەڵ شێخی ئەزهەر ڕێككەوتوون بۆ ڕێكخستنی سەردانەكە، كە بەرنامەی فراوان و چەندین بڕگە و چالاكی لەخۆدەگرێت.