سەردێر

بارزانی و جۆنسن باسی سێ‌ بابەتیان كردووە

خەڵك-
سەرۆكی هەرێمی كوردستان وردەكاری سەردانەكەی بۆ بەریتانیا و گفتوگۆكانی لەگەڵ سەرۆك وەزیرانی ئەو وڵاتە ئاشكرادەكات.

نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان لە هەژماری فەرمی خۆی لە فەیسبووك بڵاویكردەوە، “خۆشحاڵ بووم، كە ئەمڕۆ لەگەڵ بۆرس جۆنسن، سەرۆك وەزیرانی بەریتانیا لە لەندەن كۆبوومەوە”.

ڕاشیگەیاندووە، چەند بابەتێكی گرنگمان تاوتوێ كرد وەك پەیوەندییەكانی بەریتانیا و ھەرێمی كوردستان، ھەڕەشەی تیرۆر و سەقامگیریی ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست.

سەرۆكی هەرێمی كوردستان سوپاسی سەرۆك وەزیرانی بەریتانیا دەكات “بۆ پشتگیریی لە پتەوكردنی پەیوەندییەكانی وڵاتەكەی لەگەڵ ھەرێمی كوردستان و عیراق بەتایبەتی لە بواری ئابووریدا”.

ماوەی سێ‌ ڕۆژە نێچیرڤان بارزانی بە یاوەری شاندێكی فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوەی هەرێم لە بەریتانیایە و لەگەڵ ژمارەیەك لە بەرپرسانی ئەو وڵاتە كۆبۆتەوە.