سەردێر

ئێران هەموو گەشتەكانی هێڵی ئاسمانی عیراقی هەڵدەوەشێنێتەوە

خەڵك-
ڕێكخراوی فڕۆكەوانی مەدەنی ئێران، بڕیاردەدات بە هەڵوەشاندنەوەی هەموو گەشتەكانی كۆمپانیای هێڵی ئاسمانی عیراق، بەو گەشتانەش كە زیارەتكارانی چلەی ئیمام حسێن دەگوازنەوە، ئەمەش بەهۆی”پابەندنەبوونی هێڵی ئاسمانی عیراقی بە دەرنەكردنی ڤیزە بۆ گەشتیاران”.


بەپێی بەیاننامەیەك كە ئەمڕۆ پێنج شەممە لەلایەن ڕێكخراوی نیشتمانی فڕۆكەوانی ئێرانەوە بڵاوكرایەوە”بڕیارەكە دوای ئەوە هات كە پێشتر چەند جارێك كۆمپانیا عیراقییەكە ئاگاداركرایەوە لەوەی پێویستە بەر لە دەستەبەركردنی ڤیزەی چوونە ناو عیراق بلیت نەفرۆشێت”.

هەر لە بەیاننامەكەدا هاتووە”ڕێكخراوی فڕۆكەوانی مەدەنی ئێران لەڕێی ئەم بڕیارەوە ڕایدەگەیەنێت كە هەموو گشتەكانی پەیوەست بە هێڵی ئاسمانی عیراق (لە عیراقەوە بۆ ئێران و بەپێچەوانەوە) لە 17ی ئەیلولەوە بە هەڵوەشاوە دادەنرێن”.

ڕێكخراوی فڕۆكەوانی ئێران، كۆمپانیای فڕۆكەوانی عیراق پابەند دەكات بە گێڕانەوەی بە پەلەی پارەی بلیتە فرۆشراوەكان و ڕسوماتە پەیوەندیدارەكانی تر بۆ خاوەنەكانیان.