سەردێر

دوای كوژرانی سێ‌ چەكداری عەسائیب هەڕەشە لە حكومەتى عيراق دەكات

خەڵك-
دوای ئەوەی فڕۆكەیەكی بێفڕۆكەوان هێزەكانی عەسائیبی ئەهلی حەقی لەنزیك سنورەكانی سوریا- عیراق بۆردومان كرد، سەركردەی گروپەكە دەستی بە هەڕەشەكردن كرد لە حكومەت.


بەپێی تویتێك كە لەلایەن قەیس خەزعەلی سەركردەی عەسائیبەوە بڵاوكرایەوە”بەرپرسیارێتی حكومەتی عیراقە ڕێگەی پێشێلكردنی كایەی ئاسمانی لە فڕۆكەكانی ئیسرائیل بگرێت، لە حاڵەتی بەجێنەگەیاندنی ئەو ئەركەشدا، وەها مامەڵەی لەگەڵ دەكرێت كە بەشدارە لەدەسترێژییەكەدا”.

بە وتەی خەزعەلی”بێدەنگبوونی حكومەت و ئیدانەنەكردنی هێرشەكە، پێچەوانەی لێدانی لاف و گەزافی نیشتمانپەرورییەتی”.

بەپێی ڕوانگەی سوریا بۆ مافەكانی مرۆڤ، لەو شەوی سێ‌ شەممە لەسەر چوار شەممەی ڕابردوو، سێ‌ چەكداریی حەشدی شەعبی بەهۆی هێرشی فڕۆكەیەكی بێفڕۆكەوان لە خۆرهەڵاتی سوریا لە نزیك سنورەكان لەگەڵ عیراقدا كوزران.