سەردێر

كاتی دابەشكردنی دووەم سەبەتەی خۆراكی دیاری كرا

خەڵك-
وەزارەتی بازرگانی عێراق كاتی دەستپێكردن بە دابەشكردنی دووەم سەبەتەی خۆراكی، كە لە 8 ماددەی خۆراكی پێكهاتووە دیاری دەكات و بەڕێوەبەری كۆمپانیای دابەشكردنی خۆراك لە سلێمانی دەڵێت: “دوای پشكنینی بەشەخۆراك دەست بە دابەشكردنی دەكەین”.

شەوكەت محەمەد، بەڕێوەبەری كۆمپانیای دابەشكردنی خۆراك لە سلێمانی بە (خەڵك)ی ڕاگەیاند، بڕیارە دابەشكردنی سەبەتەی دووەمی خۆراك دەستپێبدەكات.

وتیشی، “بەشەخۆراك ڕۆژانە دێتە ناو سلێمانی و لە كۆگاكان ئەمبار دەكرێت، هەر كاتێكیش تەواوی بەشەخۆراكەكە گەیشت و پشكنینی تەواو بوو دەست بە دابەشكردنی دەكرێت”.

لای خۆشیەوە، عەلا جبوری، وەزیری بازرگانی عێراق لە بەیاننامەیەكدا، كە نووسینگەی ڕۆژنامەوانییەكەی بڵاویكردۆتەوە ئاماژەی بەوەكردووە، دەستیان بە دابەشكردنی دووەمین سەبەتەی خۆراكی لەچوارچێوەی پسووڵەی خۆراكی مانگانە بەسەر پارێزگاكاندا كردووە و لە ئەمڕۆوە 15ی ئەیلوول دەست بە دابەشكردنی بەسەر بریكارەكاندا دەكرێت.

ئاشكراشی كردووە، بەپێی بڕیاری كۆبوونەوەی ژمارە 160ی ئەنجوومەنی وەزیران پڕۆژەی سەبەتەی خۆراكی بۆ هاووڵاتیانی كەمدەرامەت بەردەوام دەبێت، كە سەرۆك وەزیران وەك پاڵپشتی بەشەخۆراك ڕایگەیاندووە لەپێناو چاكسازی لە سیستمی پسووڵەی خۆراك.

ئاشكراشی كردووە، كە ئەو ماددانەی لە بەشەخۆراك دابەش دەكرێت 7 جۆری جیاوازن و پێكهاتوون لە (برنج و شەكر و زەیت و نیسكی هاڕاو و لەتكەنۆك و فاسۆلیا و دۆشاوی تەماتە) ئەمە جگە لە بەشە ئاردی مانگانە، كە بۆ مانگی 8 ئەویش دەست بە دابەشكردنی كراوە.

جەختیشی كردۆتەوە، كە هەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتی دارایی و نەوت بەردەوامە بۆ زیادكردنی پارەی تەرخانكراو بۆ بەشەخۆراك تاوەكو بەشێوەیەكی ڕێكوپێك مانگانە سەبەتەی خۆراكی دابەش بكرێت و ماددەی نوێ‌ و هەمەجۆر بخرێتە چوارچێوەی پسووڵەی خۆراكەوە.