سەردێر

بەریتانیا: پشتگیری چاكسازی لە پێشمەرگەدا دەكەین

خەڵك-
وەزیری پێشمەرگە ئاشكرای دەكات، كە لەگەڵ بەریتانییەكان گفتوگۆی چڕمان لەسەر بەردەوامی پڕۆسەی چاكسازی لەوەزارەتی پێشمەرگەدا كرد و كونسوڵی گشتی بەریتانیاش دەڵێت: “پشتگیری تەواوی ئەو پڕۆسەیە دەكەین و لە هاوكاری كردنی هەرێم بەردەوام دەبین”.

شۆڕش ئیسماعیل، وەزیری پێشمەرگەی هەرێم لە هەژماری خۆی لە فەیسبووك بڵاویكردەوە، ئەمڕۆ 15ی ئەیلولی 2021 لەمیانی پێشوازی و كۆبونەوەمان لەگەڵ دەیڤید هەنت، كونسوڵی گشتی بەریتانیا لەهەولێر و جەیمی هامێڵ، جێگری كونسوڵ و مایك دیكسۆن، ئەفسەری باڵای بەرگری ئەو وڵاتە و ئیلینۆر لیپمان، بەرپرسی كاروباری سیاسی كونسوڵخانەی بەریتانیا، گفتوگۆی چڕمان لەسەر بەردەوامی پڕۆسەی چاكسازی لەوەزارەتی پێشمەرگەدا كرد، هەروەك تاوتوێ ئەو میكانیزم و رێگایانەمان كرد، كە هۆكارن بۆ بەرەوپێشبردنی پڕۆسەكە.

كونسوڵی گشتیی بەریتانیا، ستایشی هەوڵ و هەنگاوەكانی چاكسازی لەوەزارەتی پێشمەرگە كرد و ڕاشیگەیاند، وڵاتەكەی لەهاوكاری و هەمەئاهەنگی بۆ پێشكەشكردنی یارمەتییە لۆجستیی و ڕاوێژكارییەكان بۆ هێزی پێشمەرگە بەردەوام دەبێت.

وتیشی، “لەگەڵ هاوپەیماناندا پشتگیری تەواوەتی ئەو پڕۆسەیە دەكەین، كە لەوەزارەتی پێشمەرگەدا هەیە”.

وەزیری پێشمەرگە ئاماژەی بەوەكردووە، لەسەر پەیوەندییەكانی پێشمەرگە و سوپای عێراق و دۆخی ناوچە جێناكۆكەكان دووپاتمانكردەوە، كە بڕیاری دروستكردنی دوو لیوای هاوبەش لەناوچە جێناكۆكەكان، دەبێتە هۆی پاراستنی سەر و ماڵی دانیشتوانی ئەو ناوچانە بەبێ جیاوازی و لەداهاتووشدا متمانەی نێوان هێزی پێشمەرگە و سوپای عێراق زیاتر و پتەوتر دەكات بۆ پێكەوە ئەرك بینین لەبەرامبەر تێكشكانی تیرۆریستان و پاراستنی ئاسایش و سەقامگیری ئەو ناوچانە.