سەردێر

ئەمریكا بۆ مووچەی لیواكانی پێشمەرگە بڕیاریدا

خەڵك-
جێگری سەرۆكی لیژنەی كاروباری پێشمەرگە لە پەڕلەمانی كوردستان ئاشكرای دەكات، كە ئەمریكا كێشەی مووچەی لیواكانی 9 و 12ی پێشمەرگە چارەسەر كردووە و دەشڵێت: “هەنگاوەكانی یەكخستنی هێزەكانی 70 و 80ی پێشمەرگە لە قۆناغی كۆتاییدایە و لە ئەنجوومەنی وەزیرانە”.

عوسمان كەریم، جێگری سەرۆكی لێژنەی كاروباری پێشمەرگە لە پەڕلەمانی كوردستان بۆ (خەڵك) ڕایگەیاند، دوێنێ‌ سێ شەممە لەگەڵ وەزیری پێشمەرگەی حكومەتی هەرێم و شاندێكی باڵای وەزارەتەكە كۆبوونەتەوە و گفتوگۆیان كردووە لەسەر دواین هەنگاوەكانی چاكسازی و یەكخستنەوەی هێزەكانی 70 و 80ی پێشمەرگە.

ڕاشیگەیاند، یەكخستن و ڕێكخستنەوەی یەكەی ژمێریاری هێزەكانی 70 و 80 نووسراوی پێ‌ كراوە و لە ئەنجوومەنی وەزیرانە بۆ ئەوەی بڕیاری كۆتایی لێ‌ بدرێت و لەگەڵ ئەوەشدا وردبینی لە دۆسیەی خزمەتی پێشمەرگایەتی دەكرێت و دۆسیەی كەسییان بۆ دروست دەكرێت لەگەڵ ڕاستكردنەوەی مووچەی خانەنشینی و كەمئەندامی پێشمەرگە و دەرماڵەی هاوسەرێتی و منداڵ.

ئاشكراشی كرد، ئەمریكا كێشەی هەردوو لیوای 9 و 12ی وەزارەتی پێشمەرگەی چارەسەر كردووە و هاوشێوەی لیواكانی دیكە سوودمەند دەبن لە هاوكارییەكانی ئەو وڵاتە و هاوپەیمانان.