سەردێر

ڕەوتی سەدر بۆ (خەڵك): زۆرینە دەهێنین و حكومەت پێكدەهێنین

خەڵك-
سەركردەیەكی ڕەوتی سەدر دەڵێت، لە هەڵبژاردنی داهاتوودا، لە حاڵەتی بەدەستهێنانی زۆرینەی دەنگەكان و دەستەبەركردنی پلەی یەكەم، حكومەت پێكدەهێنن و دەست دەكەن بە جێبەجێكردنی بەرنامە چاكسازییەكەی ڕەوتی سەدر.

ڕیاز مەسعودی، سەركردە لە ڕەوتی سەدر و پەرلەمانتاری هاوپەیمانی سائیرون لە لێدوانێكی تایبەت بە (خەڵك) ڕایگەیاند:”لە هیچ حاڵێكدا هێزێكی سیاسی ناتوانێت، نیوە كۆ یەك بەدەستبهێنێت لە هەڵبژارندا، ئەمەش وادەكات لايەنێك نەتوانێت بە تەنیا حكومەت پێكبهێنێت، بەڵام ئەو هێز و فراكسیۆنە سیاسییەی كە زۆرترین كورسی پەرلەمان دەهێنێت، بەپێی ماددەی 76ی دەستور لەلایەن سەرۆك كۆمارەوە كاندیدێك لەو هێزەی زۆرترین ژمارەی هەیە ڕادەسپێردرێت”.

بە وتەی مەسعودی:”گەر یەكەم بوون، بۆ پێكهێنانی حكومەت ڕادەسپێدرێن و لە دوای ئەوەش، سیاسەتيان ڕوونە كە هاوبەشی لەگەڵ بەهێزەكان دەكەن، نەك هاوبەشی لەگەڵ دۆستەكان، هاوبەشی ئەو لایەنە بەهێزانە دەبن كە دەتوانن لەگەڵ ڕەوتی سەدر ببنە پاڵپشت بۆ حكومەت”.

ئەو سەركردەیەی ڕەوتی سەدر دەڵێت:”ئەوەی تێبینی دەكرێت، لە حكومەتی ئێستا و حكومەتەكانی پێشوودا، پاڵپشتییەكی ڕاستەقینە نەبووە بۆ حكومەت، هەرچەندە هەموان بەشدارن تێدا، بەڵام لە هەمان كاتدا هەڵوێستییان دژ بە حكومەت بووە”.

مەسعودی بەپێویستی دەزانێت،” ئەوانەی بەشداریی لە حكومەتدا دەكەن، دەبێت بەرپرسیارێتی تەواوەتی بگرنە ئەستۆ لە پێكهێنانی حكومەت و بتوانن خۆیان لە سەركەوتن و شكستەكانیدا بە بەرپرس دابنێن”.

ڕیاز مەسعودی لە كۆتایی قسەكانیدا وتی:”بەڵێ‌ ئێمە پێداگرین و هەنگاو بەرەو پێكهێنانی حكومەت هەڵدەنێین، بەڵام دەبێت كەشەكە بۆ هەنگاوەكان بەرەو ئەو ئاراستەیە گونجاوبێت كە خۆی لە دەستەبەركردنی زۆرترین كورسی پەرلەمان و ڕەوشی سیاسی و نێودەوڵەتیدا دەبنێتەوە بۆ پێكهێنانی حكومەت كە كاریگەریی تەواوەتیان دەبێت لە چۆنیەتی پێكهێنانی حكومەت و خێرایی بەئەنجامگەیشتنی پرۆسەكە”.