سەردێر

حكومەتی هەرێم مەرجی دەستپێكردنەوەی پلەبەرزكردنەوەی فەرمانبەرانی ڕاگەیاند

خەڵك-
وتەبێژی حكومەتی هەرێمی كوردستان ڕایدەگەیەنێت، كە ئەولەویەتی حكومەت بەپێی بودجە بۆ مووچەیە و دەشڵێت: “بەپێی یاسای بودجە پلەبەرزكردنەوە دەستپێدەكاتەوە و سوورین لەسەر پێدانەوەی ئەو مافانە بە فەرمانبەران”.

ماوەی 6 ساڵە و لە ساڵی 2016ەوە پلەبەرزكردنەوەی فەرمانبەران ڕاگیراوە و بڕیاربوو ئەمساڵ لەگەڵ پەسەندكردنی بودجە دەستپێ بكاتەوە، بەڵام تا ئێستا تەنها پلەبەرزكردنەوە بۆ پێشمەرگە و ناخۆ هەی و بۆ فەرمانبەرانی شارستانی دەستی پێ‌ نەكردۆتەوە.

د. جوتیار عادل، وتەبێژی حكومەتی هەرێم لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، بەهۆی قەیرانی دارایی و ئەو گرفتانەی كەڵەكەبوون بەتایبەتی دوای سەرهەڵدانی شەڕی داعش و تەنگەژەی دارایی پلەبەرزكردنەوەی فەرمانبەران ڕاگیراوە.

وتیشی، “دەستپێكردنەوەی پلەبەرزكردنەوەی فەرمانبەران پەیوەستە بە یاسای بودجە نەك هەر لە هەرێم بەڵكو لەسەر ئاستی عێراقیش”.

جەختیشی كردەوە، ئەو بابەتە پەیوەستە بە دابین كردنی پارە و لایەنی دارایی بۆ پلەبەرزكردنەوە، بۆیە هەوڵی تەواو دەدەین بۆ دەستپێكردنەوەی پلەبەرزكردنەوەی فەرمانبەران بە ڕێكار و ڕێنمایی نوێ‌.

ئاماژەی بەوەشكرد، هەمووان ئاگادارن بودجەی هەرێم چەندە و حكومەتی هەرێم وەك وڵاتان نییە بتوانێت قەرز بكات، بۆیە ئەولەویەتی ئێمە بەخۆگونجاندن لەگەڵ داهات بۆ مووچە بووە و سوورین لەسەر پێدانەوەی ئەو مافانە بە فەرمانبەران.

هەرچەندە ماوەی ساڵێكە حكومەتی هەرێم ئامادەكاری بۆ بودجەی ساڵی 2021 دەكات، بەڵام ئەو پڕۆژە یاسایە نەنێردرایە پەڕلەمان و بڕیارە لەجیاتی ئەوە پڕۆژە یاسای بودجە بۆ ساڵی 2022 ئامادە بكرێت.