سەردێر

هۆكاری سەردانەكەی نێچیرڤان بارزانی بۆ بەریتانیا ئاشكراكرا

خەڵك-
سەرۆكی هەرێمی كوردستان بە گەشتێكی 3 ڕۆژە گەیشتە بەریتانیا و بڕیارە ڕۆژی هەینی دیداری لوتكە لەگەڵ بۆریس جۆنسن، سەرۆك وەزیران ئەنجام بدات.

بەپێی هەواڵێكی گشتی كونسوڵگەری بەریتانیا لە هەرێم، ئەمڕۆ چوار شەممە 15ی ئەیلوول، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی ھەرێمی كوردستانی عێراق، بەسەردانێكی فەرمی گەیشتە بەریتانیا.

هاوكات سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان بڵاویكردەوە، سەرۆكی هەرێم لە لەندەن لەگەڵ بێن واڵاس، وەزیری بەرگریی بەریتانیا كۆدەبێتەوە و ڕۆژی پێنج شەممەش لەگەڵ دۆمنیك راب، وەزیری دەرەوەی بەریتانیا دیداری دەبێت و ڕۆژی هەینی-ش دیداری لوتكەی بەریتانیا و هەرێمی كوردستان لەنێوان نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان و بۆریس جۆنسن، سەرۆك وەزیرانی بەریتانیا بەڕێوەبچێت.

ئاماژەی بەوەشكردووە، لە كۆبوونەوەكاندا برەودان بە پەیوەندییەكان و فراوانكردنی بوارەكانی هاریكاری و هاوبەشیی عێراق و هەرێمی كوردستان لەگەڵ بەریتانیا، شەڕی دژی تیرۆر، دۆخ و سەقامگیریی عێراق و ناوچەكە بەگشتی تاوتوێ دەكەن.