سەردێر

ڕێگای كەمەربەندی سۆران بە ڕووی هاووڵاتیاندا كرایەوە

خەڵك

وەزارەتی ئاوەدانكردنەوە و نیشتەجێكردنی هەرێم ڕایدەگەیەنێت، دوای چارەسەركردنی درزی لاتەنیشتی ڕێگای باپشتیان (كەمەربەندی) لە نێوان ھەردوو شارۆچكەی سۆران و ڕواندز، ڕێگاكە بە ڕووی ھاووڵاتیاندا كرایەوە.

وەزارەتی ئاوەدانكردنەوە و نیشتەجێكردنی هەرێم لە ڕاگەیەنراوێكدا ڕایگەیاند، لەمانگی تەمووزی ڕابردوو بەشێك لە ڕێگاكە درزی بردبوو ئەوەش مەترسی بۆ ھاووڵاتیان و داڕوخانی ڕێگاكە دروستكردبوو، دواتر بە ڕەزامەندی ئەنجومەنی وەزیران و لەسەر ڕاسپاردەی دانا عەبدولكەریم، وەزیری ئاوەدانكردنەوە و نیشتەجێكردن، كاری بەپەلە بۆ چارەسەركردنی ئەنجامدرا.

ئاماژە بەوەشدراوە، دوای نزیكەی (50) ڕۆژی كاری بەردەوام، توانرا بەشێوەی ئەندازەیی سەردەم ڕێگاكە چاكبكرێت و دوای نەمانی مەترسی، ئێستا بەڕووی ھاووڵاتیان و شۆفێراندا كراوەتەوە.

وەزارەتی ئاوەدانكردنەوە و نیشتەجێكردن ئەوەشی خستووەتەڕوو، بودجەی پڕۆژەكە لەلایەن ئەنجومەنی وەزیرانەوە دابینكرا و لەلایەن ھەردوو بەڕێوەبەرایەتی چاككردن و پاراستنی ڕێگاوبانی ھەولێر و سۆرانەوە جێبەجێ كرا.