سەردێر

” 70 هەزار ئامێری پشكنینی زانیاریی دەنگدەران ئامادە دەكرێن”

خەڵك

كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان لە عیراق ڕایدەگەیەنێت، لە پێناو ڕێگریكردن لە ساختەكاری و دەنگدانی نادروست زیاتر لە 70 هەزار ئامێری پشكنینی زانیاریی دەنگدەران لە وێستگەكانی دەنگدانی هەڵبژاردنی پێشوەختەدا دادەنرێن.
جومانە غەلای وتەبێژی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عیراق ڕایگەیاند: لە هەر وێستگەیەكی دەنگداندا بۆ هەڵبژاردنی پێشوەختەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق، ئامێرێكی پشكنین و پشتڕاستكردنەوەی زانیاریی دەنگدەران دادەنرێت.

ڕوونیشیكردەوە، هەر دەنگدەرێك بەر لەوەی دەنگ بدات، پەنجەمۆرەكەی لێ وەردەگیرێت و ئامێرەكە تەواوی زانیارییەكانی وەردەگرێت.

وتەبێژی كۆمسیۆن ئاماژەی بەوەشكرد، ئامێرەكە كامێرایەكی هەیە و دوای وەرگرتنی زانیارییەكان، باركۆدی كارتی دەنگدانەكە دەخوێنێتەوە، كە ئەویش زانیارییەكانی دەنگدەرەكەی لەسەرە، ئینجا دەنگەكە وەردەگیرێت.

هەریەك لەو ئامێرانەی پشكنینی زانیاری دەتوانێت زانیارییەكانی 450 دەنگدەر وەربگرێت، كە بۆ هەر بنكەیەك دیاری كراوە، لە كۆتاییشدا ئامێرەكە وا دەكات ئەنجامی دەنگدانەكە بە خێرایی دەربچێت، دوای ئەوەی زانیارییەكان بەراورد دەكات.