سەردێر

سیاسەتمەدارێكی عیراقی بۆ (خەڵك): چەك بەدەستەكان لە هەڵبژاردن بەهێزترن

پێیوایە سیناریۆكانی پێشوو دووبارە دەبنەوە

خەڵك-
سیاسەتمەدار و سەرۆكی حزبی ئومەی عیراقی پێیوایە، دوژمنانی دیموكراتی و چەك بەدەستەكان لە هەڵبژاردن بەهێزترن و هەڵبژاردنی ئەم جارەش كە وابڕیارە لە 10ی تشرینی یەكەمی داهاتوو بەڕێوەبچێت، لە ئاستی خواست و داواكاریی گەلی عیراق و قوربانییەكانیدا نابێت.

میسال ئالوسی، سیاسەتمەدار و سەرۆكی حزبی ئومەی عیراقی، لە لێدوانێكی تایبەت بە (خەڵك) ڕایگەیاند:”زۆر بەداخەوە هەڵبژاردنی ئەم جارەش لە ئاستی ئەو قوربانیانەدا نابێت كە گەلی عیراق و خۆپیشاندەران پێشكەشیان كرد، پێویستی چاكسازیی سیاسی و كۆمەڵایەتی و ئەمنی و ئابوری دەوڵەت پڕناكاتەوە”.

بە وتەی میسال ئالوسی:”زۆر بە داخەوە دەڵێم، دوژمنانی دیموكراتى و دەوڵەت و چەك بەدەستەكان لە هەموو لایەنەكان، جا داعش بن یان میلیشیاكان یان ئەوانی تر، بەهێزترن لە هێزی هەڵبژاردن، ئەوان لە خودی حكومەت و دەوڵەت بەهێزترن”.

ئالوسی دەڵێت:”ترسی ئەوەم هەیە، ئەم هەڵبژاردنە دوو ڕاستی لەگەڵ خۆی بهێنێت، یەكەمیان هاتنی نوێنەرانی گەلبن لە لاوان و ژنان و پیاوانی نیشتمانپەروەر كە مایەی گەشبینییە، بەڵام لە هەمان كاتدا هەڵبژاردنەكە دەبێتە مایەی هێنانەپێشەوەی ژمارەیەكی زۆر و مەترسیداری نوێنەرانی چەك بەدەستەكان و لەیاسادەرچووەكان كە چەترێكی دەستورییان نییە، ئەمەش خۆی لەخۆیدا نسكۆیەكی گەورەیە، لەبەرامبەردا ئەم هەڵبژاردنە لەكاتێكدایە كە پرۆسەی سیاسی و سەرپەرشتیارانی لە حزبەكان خۆیان ڕادەستی گەندەڵی كردووە، ساڵێك لە بەڵێنی چاكسازییش، جگە لە دەستگیركردنی چەند كەسێك لێرەو لەوێ‌، هیچی تری لێنەكەوتەوە، بەڵام نەبووە مایەی هێنانەكایەی پرۆژەیەك كە سەرەتایەك بۆ چاكسازیی و كۆتایی بۆ گەندەڵی دابنێت”.

بە بۆچوونی سەرۆكی حزبی ئومە:”پرۆسەی سیاسی لە عیراق، شكستخواردنی خۆی سەلماند، بەو هۆیەی نەیتوانی پرۆسەیەكی هەڵبژاردنی وەها ڕێكبخات كە مایەی مزگێنی بێت و بێخەوش بێت و ببێتە مایەی هیوا بۆ گەلی عیراق و نەوەكانی”.