سەردێر

قوباد تاڵەبانی: ناهێڵین پارتی ببێتە یەكەمی بێ‌ ڕكابەر

خەڵك-
سەرۆكی لیستی هاوپەیمانی كوردستان (یەكێتی و گۆڕان) ڕایدەگەیەنێت، كە دەمانەوێت هاوسەنگی هێز بگەڕێنینەوە و هەموو بڕیارێك پارتی بەئارەزووی خۆی نەیدات.

قوباد تاڵەبانی، سەرۆكی لیستی هاوپەیمانی كوردستان لە كەرنەڤاڵی بانگەشەی هەڵبژاردن لە ئیدارەی ڕاپەڕین لە وتەیەكدا ڕایگەیاند، كە ئێمە بە یەكڕیزییەوە هاتووین و دەمانەوێت یەكڕیزی كورد بپارێزین.

ڕاشیگەیاند، لەپێناو گێڕانەوەی هاوسەنگی هێز دەنگ بە هاوپەیمانی كوردستان بدەن و وتی، “دەنگمان پێ‌ بدەن بۆ ئەوەی شەڕی بودجە و مووچەتان بۆ بكەین و هاوسەنگی هێز بگەڕێنینەوە”.

وتیشی، “پارتی دەیەوێت خەڵك دەنگ بە حزبە بچووكەكان بدەن تاوەكو ئێمە دەنگمان كەم بێت و هاوسەنگی هێز نەمێنێت و خۆی ببێتە یەكەمی بێ‌ ڕكابەر و هەموو بڕیارێك خۆی بیدات و قسە هەر قسەی ئەو بێت، بۆیە ئەگەر دەنگ بە هاوپەیمانی نەدەن، پارتی بێ رکابەر دەمێنێتەوە”.

قوباد تاڵەبانی چەند جارێك لە ئامادەبووانی كەرنەڤاڵەكەی پرسی، “ئایا ئەوەتان دەوێت پارتی ببێتە یەكەم و هەموو بڕیارێك خۆی بیدات” و جەختیشی كردەوە، كە دڵنیام كەستان ئەوەتان ناوێت و ئێمەش پشت بەستووين بە دەنگی ئێوە ئەوانيش ئەو ڕۆژە قەد بەچاوی خۆیان نابینن”.

جەختیشی كردەوە، ئەوە ئێمەین توانیومانە لەڕێگەی دانووستانەوە كێشەكان چارەسەر بكەین و سەلماندمان لەپێناو مافەكانی خەڵك و مووچە دەتوانین بە سەدان كاتژمێر گفتوگۆ بكەین و ماندوو و بێزار نەبین، بەڵام لایەنەكانی دیكە لەبەرژەوەندییەكان نییە لەگەڵ بەغدا ڕێكبكەون.