سەردێر

پلەبەندی مووچە و دەرماڵەی فەرمانبەران دەگۆڕێت

خەڵك-
لیژنەی دارایی لە پەڕلەمانی عێراق ئاشكرای دەكات، كە یاسای خزمەتی شارستانی مەرج و ڕێكاری تایبەت بە پلەبەرزكردنەوە و سەرمووچە دیاری دەكات و پلەبەندی و دەرماڵەكان لەنێوان گشت وەزارەتەكان یەكدەخات.

ماجد وائلی، ئەندامی لیژنەی دارایی لە پەڕلەمانی عێراق بۆ ئاژانسی فەرمی (العراقیە) ڕایگەیاندووە، یاسای خزمەتی شارستانی گرنگترین یاسایە لەبەردەست لیژنەكەیان و زیاتر لە ساڵێكە سەرجەم ڕێكارە بە یاساییی كردنەكانی لە لیژنەكەیان تەواو بووە و لەبەردەم سەرۆكایەتی پەرلەمانە بۆ خستنە ناو بەرنامەی كارەوە.

ڕاشیگەیاندووە، یاساكە سەرجەم مەرج و ڕێكارەكانی تایبەت بە مۆڵەت و پلەبەرزكردنەوە و سەرمووچەی ڕێكخستووە و پلەبەندی مووچە و دەرماڵەكانیش یەكدەخات بۆ سەرجەم فەرمانبەران.

وتوشیەتی، “بەشێك لە فەرمانبەران داوای گواستنەوە لە وەزارەتێك بۆ وەزارەتێكی دیكە دەكەن بەهۆی ئەوەی دەرماڵە و مووچەی باشترە”.

ئاماژەی بەوەشكردووە، بەردەوام داوای یەكخستنی پلەبەندی مووچە دەكرێت، كە لە بنەڕەتدا مووچەی بنەڕەتی سەرجەم وەزارەتەكان وەكو یەكە، بەڵام جیاوازی هەیە لە دەرماڵەی هەندێك لە وەزارەتەكان.

بە وتەی ئەو پەڕلەمانتارەی لیژنەی دارایی، “یاسای خزمەتی شارستانی نزیكەی 100 ماددەیە و یەك ماددەی تایبەتە بە پلەبەرندی مووچەی فەرمانبەران و بۆچوونێك هەیە تایبەتە بە ڕێكخستنی پلەبەندی مووچە و دەرماڵەكان و كۆبوونەوەی لیژنەكەش لەسەر ئەوە بووە نەچنە ناو وردەكارییەكانەوە، بەڵكو پێوەری گشتی دابنرێت بۆی”.

ئاشكراشی كردووە، جیاوازی نێوان مووچە نابێت لە ئاستێكی دیاریكراو تێپەڕێت بۆ ئەوەی جیاوازی گەورە نەبێت و ئەوەش بە وردی ڕێكدەخرێت و بەجێ‌ هێڵراوە بۆ ئەنجوومەنی وەزیران.

جەختیشی كردۆتەوە، كە لیژنەی دارایی پەیامی ئاڕاستەی سەرۆكایەتی پەڕلەمان كردووە لەسەر هۆكاری دواكەوتنی بۆ خستنە ناو بەرنامەی كار، بەڵام تا ئێستا نەخراوەتە بەرنامەی كاری پەڕلەمانەوە.