سەردێر

شەكری ناو بەشەخۆراك كەم كرایەوە و ماددەی دیكە زیادكرا

خەڵك-
وەزارەتی بازرگانی عێراق ئاشكرای دەكات، كە بڕی شەكر لەناو بەشەخۆراكی مانگانەی هاووڵاتیان كەم كراوەتەوە و جێگرەوەی ئەو بڕە بە ماددەی دیكە دیاریكراوە.

محەمەد حەنون، وتەبێژ و بەڕێوەبەری گشتی فەرمانگەی چاودێری بازرگانی و دارایی وەزارەتەكە بۆ ئاژانسی فەرمی (العراقیە) ڕایگەیاندووە، بڕی یەك كیلۆ شەكر لە بەشەخۆراكی مانگانەی هاووڵاتیان كەمكراوەتەوە و لەبری ئەوە ماددەكانی پاقلەمەنی زیادكراوە.

ڕاشیگەیاندووە، لەبری ئەو شەكرە بڕی (نیو كیلۆ نیسك و نیو كیلۆ لەتكەنۆك) بۆ هەر هاووڵاتییەك زیادكراوە لەگەڵ پێدانی فاسۆلیا و دۆشاوی تەماتە لە بەشەخۆراك و هەروەها بەشەكانی دیكەی وەك ئارد و برنج و زەیت وەك خۆیان ماونەتەوە و كەم نەكراونەتەوە.

ڕوونیشی كردۆتەوە، وەزارەت بەردەوام كێشەی ئەوەی هەیە، كە هاووڵاتیان ناچن بەدەم وەرگرتنی ماددەكانی بەشەخۆراكی مانگانەوە، كە بەپێی پسوڵەی خۆراك دابین كراوە و زۆرێك لە بریكارەكان بەردەوام زیادەیان هەیە بەهۆی ئەوەی هاووڵاتیان بەشەخۆراكەكەیان وەرناگرن و ناچن بەدەمیەوە.

وتەبێژی وەزارەتی بازرگانی داوا لە هاووڵاتیان دەكات، كە چاودێربن بەسەر بریكارەكانی خۆراكەوە و دەڵێت: “وەزارەت ناتوانێت لە 10 ڕۆژدا چاودێری 56 هەزار بریكاری خۆراك بكات” و سەبارەت بە دواكەوتنی بەشە برنج ئاشكرای كردووە، كە درەنگ گەیشتووە بە دەستیان بەهۆی دواكەوتنی گواستنەوەی لەڕێگەی دەریاوە.