سەردێر

خوێندنگەكان جلوبەرگی خوێندكارانیان بۆ ساڵی نوێ‌ دیاریكرد

خەڵك-
ئەمڕۆ 14ی ئەیلول، پڕۆسەی خوێندن لە ساڵی نوێی خوێندنی 2021- 2022 لە خوێندنگەكانی هەرێم دەستی پێكرد و بەپێی بڕیاری وەزارەتی پەروەردە سیستمی یەكپۆشی لە جلوبەرگی خوێندكاران پەیڕەو دەكرێت و بۆ باخچەكان دوو ڕەنگ بۆ كراس و پانتۆڵ و تەنورە دیاری كراوە و بۆ خوێندنگەكانیش بەپێی قۆناغەكان ڕەنگی جلوبەرگ جیاواز دەبێت.

لە ساڵی 2019دا وەزارەتی پەروەردە ڕەنگ و شێوازی یەكپۆشی جلوبەرگی خوێندكارانی دیاری كرد، بەڵام لە ساڵی ڕابردوودا بەهۆی دۆخی خراپی ئابووری و نەبوونی دەوام و بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆناوە ئەو سیستمی یەكپۆشییە پەیڕەو نەكرا.

یەكپۆشی جێبەجێ‌ دەكرێت
ئامادەیی قەڵادزێ لە ئاگادارییەكدا بۆ خوێندكاران و كە سوكاریان ئاماژەی بەوەكردووە، بەپێی بڕیاری وەزارەتی پەروەردەی هەرێم، بۆ ئەمساڵی خوێندن یەكپۆشی لە جلوبەرگی خوێندكاران وەك خۆی جێبەجێ‌ دەكرێت.

ڕاشیگەیاندووە، ھەر لە سەرەتای دەسپێكی ساڵی نوێی خوێندن پێویستە خوێندكارانمان پابەندبن بە یەكپۆشی لە خوێندنگا بەپێچەوانەوە خوێندكار خۆی بە رپرسیار دەبێت، كە بۆ كوڕان (كراسی سپی پانتۆڵی ڕەش) و بۆ كچان (كراسی سپی و تەنورە یان پانتۆڵی ڕەش) دەبێت.

هاوكات، ئامادەیی بیخاڵ-ی نمونەیی لە سلێمانی لە ڕاگەیەنراوێكدا ئاماژەی بەوەكردووە، ساڵی نوێی خوێندن دەستی پێكرد و هەمووان پێکەوە پابەند دەبین بەڕێنماییە تەندروستییەکان و بە جلوبەرگی یاسایی خوێندنگە (پانتۆڵی ڕەش تیشرتی سپی).

پەروەردە هۆشداری دەدات
لە نووسراوێكدا، كە واژۆی بەڕێوەبەری پەروەردەی ڕۆژهەڵاتی سلێمانی لەسەرە و ئاڕاستەی سەرجەم خوێندنگا و قوتابخانە و باخچەكان و یەكەكانی دیوانی سەر بە سنووری پەروەردەی ڕۆژهەڵات كراوە ئاماژە بۆ ئەوە دەكات، داوای كەلوپەل و شتومەك و بڕە پارە لە شۆفێر و كۆمپانیای هاتووچۆ نەكرێت.

جەختیشی كردۆتەوە، پێویستە هیچ لایەك لەگەڵ كۆمپانیا و دوكانی جلوبەرگی خوێندنگاكان ڕێكنەكەون، بە پێچەوانەوە ڕووبەڕووی لێپرسینەوەی یاسایی دەبن.

لای خۆشییەوە، بەڕێوەبەرایەتی پەروەردەی هەولێر لە گشتاندنێكدا، دایك و باوكانی خوێندكارانی سەرپشك كردووە لە دابینكردنی جلوبەرگ، هەروەها هۆشداری دەدات لەوەی، “نابێت بە هیچ شێوەیەك بەڕێوەبەری خوێندنگەكان دەست لە كاروباری كڕینی جلوبەرگی خوێندكاران وەربدەن، یان لەگەڵ كۆمپانیا و پۆشاك فرۆشەكان ڕێكبكەون، هەروەها دانانی لۆگۆ و ناونیشانی لەسەر جلەكان قەدەغە كردووە”.

شێوازی جل و بەرگ بۆ باخچەكان و خوێندنگەكان
بەڕێوەبەرایەتیی پەروەردەی ناوەندی هەولێر لە نووسراوێكدا، كە ئاڕاستەی سەرجەم باخچەكانی ساوایان، خوێندنگە بنەڕەتی و ئامادەییەكانی كردووە، داوای لێكردوون بۆ ساڵی خوێندنی 2021 – 2022 لە سەرجەم خوێندنگە حكومییەكان پابەندی پەیڕەوكردنی یەكپۆشی جلوبەرگی خوێندكاران بن.

بەپێی نووسراوەكە جلوبەرگی منداڵانی باخچەكانی ساوایان و خوێندكاران بۆ سەرجەم قۆناغەكان بەمشێوەیە دەبێت:
یەكەم/ جلوبەرگی باخچەی ساوایان:
– كچان كراسی پەمەیی و ڕەساسی
– كوڕان: كراسی شین و پانتۆڵی ڕەساسی

دووەم/ جلوبەرگی پۆلی (1 بۆ 6)ی بنەڕەتی:
– كچان: كراسی سپی و تەنوورە یان پانتۆڵی ڕەساسی
– كوڕان: كراسی سپی و پانتۆڵی ڕەساسی

سێیەم/ جلوبەرگی پۆلەكانی (7 و 8 و 9)ی بنەڕەتی:
– كچان: كراسی سپی و تەنوورە یان پانتۆڵی نیلی
– كوڕان: كراسی سپی و پانتۆڵی نیلی.

چوارەم/ جلوبەرگی پۆلەكانی (10 و 11 و 12)ی ئامادەیی:
– كچان: كراسی سپی و تەنوورە یان پانتۆڵی ڕەش
كوڕان: كراسی سپی و پانتۆڵی ڕەش