سەردێر

سادیقون: گەندەڵی زیاتر بووە

خەڵك-
فراكسیۆنی سادیقون لە پەرلەمانی عیراق ڕایدەگەیەنێت، لەگەڵ كۆتایی هاتنی تەمەنی حكومەتی ئێستا، گرێبەستەكانی گەندەڵی ڕوویان لە زیادبوون كردووە، ڕەتیشیدەكاتەوە بەبێ‌ ئیرادەی سیاسی گۆڕانكاریی بەسەر ئەم ڕەوشە سیاسییە چەقبەستووەی ئێستادا بێت.

ئەحمەد كینانی، پەرلەمانتاری فراكسیۆنی سادیقون لە لێدوانێكی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند:”وێڕای ئیرادەی حكومەت و ڕاگەیاندنەكانی سەبارەت بە ئامادەكردنی پلان بۆ كۆتایی هێنان بە گەندەڵی، بەڵام گرێبەستەكانی گەندەڵی لەگەڵ نزیكبوونەوەی كۆتایی هاتنی تەمەنی حكومەت، لە هەموو جومگەكانی دەوڵەتدا زیاتربوون”.

بە وتەی كینانی”دروشمی بەگژداچوونەوەی گەندەڵی، تائێستاش جێبەجێ‌ نەكراوە، پێكهێنانی حكومەتێكیش كە بتوانێت گۆڕانكاریی سیاسی بكات، تاكە زامنكەرە بۆ بەگژداچوونەوەی گەندەڵی و گۆڕینی گەندەڵكاران”.

كینانی داوای لە حكومەتی ئێستا كرد،”بە هەموو شێوەیەك كار بكات بۆ پارێزگاریی لە موقەدراتی گەل و دوورخستنەوەی گەندەڵكاران، تا ئەو كاتەی هەڵبژاردن ئەنجام دەدرێت و حكومەتێكی نوێ‌ پێكدەهێنرێت”.