سەردێر

گەشتی فڕۆكەوانی نێوان هەرێم و وڵاتێكی ئەوروپی دەستی پێكردەوە

خەڵك-ئارام سەردار
بەڕێوەبەری كۆمپانیای skay levent بۆ هێڵی فڕۆكەوانی ڕایدەگەیەنێت، هێڵی ئاسمانی لوفتهانزا بڕیاری دا گەشتەكانی لەنێوان هەولێر و فڕانكفۆڕت دەست پێ بكاتەوە.

دیلان ڕەشاد، بەڕێوەبەری كۆمپانیای skay levent بۆ هێڵی فڕۆكەوانی بە (خەڵك)ی ڕاگەیاند، دوای وەستانی گەشتەكانیان بۆ هەرێمی كوردستان بۆ ماوەی ساڵ و نیوێك، ئەمڕۆ بەفەرمی لوفتهانزا بڕیاری دا لە ٢١ی ئەو مانگە گەشتەكانی لەنێوان هەولێر و فڕانكفۆڕت دەست پێ بكاتەوە.

دەشڵێت: “گەشتەكان ڕاستەوخۆ دەبن و لەهەفتەیەكدا ڕۆژانی شەممە و سێ شەممە ئەنجام دەدرێت”.

لەگەڵ سەرهەڵدانی پەتای كۆرۆنا، گەشتی ئاسمانی نێوان زۆربەی وڵاتان ڕاگیرا و جوڵەی گەشتیاری و بازرگانی پەكی كەوت، بەڵام ماوەی چەند مانگێكە بەهۆی بەردەستبوونی ڤاكسینی كۆرۆنا و كەمبوونەوەی شەپۆلی تووشبوون بە پەتاكە بەهۆی ڕێكارە خۆپارێزییەكانەوە، قۆناغ بە قۆناغ جوڵەی بازرگانی و گەشتیاری دەستی پێ كردۆتەوە.