سەردێر

مامۆستایانی وانەبێژ لە بارەی چونەوەیان بۆ هۆڵەكانی خوێندن هەڵوێستیان ڕادەگەیەنن

خەڵك
ئەمڕۆ زەنگی ساڵی نوێ خوێندنی 2021-2022 لێدراو مامۆستایانی وانەبێژیش دەڵێن لە هەفتەی داهاتوودا هەڵوێستی خۆیان رادەگەیەنین لە بارەی چونەوەیان بۆ هۆڵەكانی خوێندن یان بایكۆت.

بێرون لوقمان، نوێنەری مامۆستایانی وانەبێژ لە سەیدسادق بە (خەڵك)ی ڕاگەیاند، ئێمە پابەندی ڕێنماییەكانی ئەنجومەنی مامۆستایانی وانەبێژین و ئەم هەفتەیەش تەنها بە شێوەیەكی ئاسایی دەوام دەكرێت چونكە خشتەی دەوام و وانەكان بە باشی ڕێكنەخراون.

ئاماژەی بە ئەوەشكرد، ئێمە وەك ئەنجومەنی مامۆستایانی وانەبێژ كە ئەنجوومەنێكی گشتییەو نوێنەری مامۆسایان لەسەرجەم شارەكانی هەرێمی كوردستانەوە تیایدا بەشدارن، لەڕۆژی دووشەممە 20-9-2021 كۆبوونەوەیەك ئەنجام دەدەین و بڕیاری یەكلاكەرەوە دەدەین كە ئایا دەچینەوە هۆڵەكانی خوێندن یاخود بایكۆتی دەكەین.

هاوكات كەیوان سادق، مامۆستای وانەبێژ بۆ(خەڵك)وتی، هەتاكو ڕۆژی دووشەممەی داهاتوو چاوەڕوان دەكەین ، ئەگەر بەشێوەیەكی باشتر كار نەكرێت و وەڵامی داواكارییەكانمان نەدرێتەوە بایكۆتی خوێندن دەكەین.

وتیشی، تائێستا مامۆستایانیان هەڵخەڵەتاندووە بە كۆمەڵێك قسەی باق و بریق، بۆیە ئیتر قبوڵناكرێت یان دەبێت بەجددی وەڵامی مانۆستایان بدرێتەوە یان هۆڵەكانی خوێندن دابخرێت.

ئەمڕۆ سێ شەممە ١٤ی ئەیلولی ٢٠٢١ زەنگی ساڵی نوێی خوێدن لێدرا و یەك ملیۆن و ٨٠٠ هەزار خوێندكار ڕوویان لەناوەندەكانی خوێندنكرد.