سەردێر

12 بڕیار لە پارێزگای هەولێرەوە لەبارەی بانگەشەی هەڵبژاردنەوە

خەڵك

پارێزگاری هەولێر لە كۆبوونەوەی لەگەڵ نوێنەری لایەنە سیاسییە بەشداربووەكانی هەڵبژاردن لە هەولێر، 12 بڕیاری لەبارەی بانگەشەی هەڵبژاردن ڕاگەیاند، یەكێك لە بڕیارەكان ئەوەیە، لەكاتی بانگەشەی هەڵبژاردن نابێت ئۆتۆمبێلی حكومی بەكاربهێنرێت.
پارێزگای هەولێر لە ڕاگەیەنراوێكدا ڕایگەیاند، ئەمڕۆ دووشەممە 13-09-2021 ئومێد خۆشناو پارێزگاری هەولێر لە دیوانی پارێزگا لەگەڵ نوێنەری لایەنە سیاسییە بەشداربووەكانی هەڵبژاردن كۆبووەوە و كۆبوونەوەكە:”لەپێناو بەڕێوەچوونی پڕۆسەی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عیراق بە شێوازێكی شارستانی و سەردەمیانە لە شارەكەیان و فەراهەمكردن و دەستەبەركردنی ئازادی بۆ هەموو لایەنە سیاسییەكان بەبێ جیاوازی” بووە.

دەقی بڕیارەكانی پارێزگای هەولێر:

1. نابێت بەهیچ شێوەیەك بانگەشەی هەڵبژاردن بە ‌كاروانی زۆری ئۆتۆمبێل لە شەقامە گشتییەكان بكرێت كە ببێتە هۆی دروستكردنی ئاستەنگ لە ڕێگەی هاتووچۆی هاووڵاتییان، هەروەها نابێت ئامێری بێزاركەر بەكاربهێنرێت كە ببێتە هۆی ناڕەحەتی هاووڵاتییان.

2. نابێت وێنە و پۆستەر و درووشمی بەربژێران لەو شوێنانەی كە ڕێگە دراوە، بە ماددەی لێكدەر وەك (لەزگە یان غەرە) لێبدرێت، بەڵكو دەبێت هەڵبواسرێ، یان لەسەر ستاند لە شوێنێك دابنرێت كە ڕێگە نەگرێت.

3. نابێت بە ‌هیچ شێوەیەك لە چوارڕیان و ترافیك لایتەكان وێنە و پۆستەر و درووشمی بەربژێران لێبدرێت.

4. بەهیچ شێوەیەك نابێت وێنە و پۆستەری بەربژێران لە فەرمانگە حكومییەكان، نەخۆشخانە، قوتابخانەكان، هتد .. بدرێت.

5. بەهیچ شێوەیەك نابێت پۆستەر و درووشمەكانی تایبەت بە بانگەشەی هەڵبژاردن لەسەر دیوار و شوێنە گشتییەكان وەك (مزگەوت، كەنیسە، شوێنە پیرۆزە ئایینییەكان) و هتد.. هەڵبواسرێت.

6. بەكارنەهێنانی پارك و باخچە گشتییەكان بۆ بانگەشەی هەڵبژاردن.

7. به ‌هیچ شێوەیەك نابێت وێنە و تابلۆی بانگەشەی هەڵبژاردن لە (قەدی دارەكان، دوورگە ناوەندییەكان) دابنرێت، نابێت وێنە و درووشم لە داری باخچە و پاركەكان بدرێت.

8. لەكاتی بانگەشەی هەڵبژاردن نابێت ئۆتۆمبێلی حكومی بەكاربهێنرێت.

9. بەهیچ شێوەیەك ڕێگەپێدراو نییە ڕستەی ئاڵای لایەنە سیاسییەكان بە ‌ستوونی ڕووناككەرەوەی شەقامەكان هەڵبواسرێت.

10. ‌هەر‌ سەرپێچییەك بەدی بكرێت، پاش دیكۆمێنت كردن، بەهاوئاهەنگی لەگەڵ كۆمیسیۆنی هەڵبژاردن پێبژاردن بۆ بەربژێران و لایەنەكان دەكرێت.

11. لە ڕۆژی هەڵبژاردن ژووری عەمەلیات لە پارێزگای هەولێر بە بەشداریی نوێنەری سەرجەم لایەنە سیاسییە‌كان دەبێت، لە دەستپێكردنی پڕۆسەی دەنگدان تا كۆتایی هاتنی پڕۆسەكە، هەر سەرپێچییەك لە بنكەكانی هەڵبژاردن ئەنجامبدرێت ئاگاداری ژووری عەمەلیاتی پارێزگای هەولێر دەكرێتەوە، پاشان لەگەڵ لایەنی پەیوەندیدار چارەسەر دەكرێت.

12. بۆ ئەنجامدانی هەر گردبوونەوەیەكی جەماوەری بە مەبەستی بانگەشەی هەڵبژاردن، لە پێناو پاراستنی ئاسایشی شارەكەمان و گردبوونەوە جەماوەرییەكە، دەبێت ڕەزامەندیی لیژنەی ئەمنیی پارێزگای هەولێر وەربگیرێت.