سەردێر

دابەشكردنی بەشە ئاردی هاووڵاتیان دەستپێدەكات

خەڵك-
وەزارەتی بازرگانی عێراق ئاشكرای دەكات، كە 7 ملیۆن فەردە ئارد لە چوارچێوەی بەشەخۆراكی مانگانەی هاووڵاتیان گەیشتووە و دەست بە دابەشكردنی دەكەن.

ئەسیر داود سەلمان، بەڕێوەبەری گشتی كۆمپانیای دروستكراوی خۆراك لە وەزارەتی بارزگانی عێراق لە بەیاننامەیەكدا ئاماژەی بەوەكردووە، بڕی 7 ملیۆن فەردە ئارد، كە دەكاتە 90%ی كۆی گشتی بەشەئاردی هاووڵاتیان گەیشتۆتە كۆگاكان و بەسەر هاووڵاتیاندا دابەشی دەكەن.

ڕوونیشی كردۆتەوە، ئەو بڕە بەشە ئاردی مانگی 7ی هاووڵاتیانە و لە سەرجەم بریكارەكانی خۆراك لە سەرتاسەری وڵاتدا پێكەوە دەست بە دابەشكردنی دەكرێت.

جەختیشی كردۆتەوە، لە چەند ڕۆژی داهاتوودا دەست بە دابەشكردنی تەواوی بەشە ئارد دەكرێت و ئامادەكاریش دەكرێت بۆ پشكی مانگی داهاتوو هەركاتێك دابەشكردنی بەشە ئاردی مانگی 7 تەواو ببێت.

ئەمە لەكاتێكدایە، كە وەزارەتی پلاندانانی عێراق ڕایگەیاندبوو، بڕێكی زۆر ئاردی سفر هاوردەی عێراق كراوە و لە دەروازە فەرمییەكانی حكومەتی فیدڕاڵی پشكنینی بۆ دەكرێت و ڕەزامەندیش دراوە بۆ زیادكردنی (ڤیتامین و كانزاكان) بۆ بۆ ئەو ئاردە تاوەكو بەهای خۆراكییەكەی زیاتر ببێت.