سەردێر

ژینگەپارێزان بەئۆتۆمبێلی زبڵگواستنەوە دەبرێنە سەر کار

 

خەڵک – نزار جەزا

بەشێک لەژینگەپارێزان لەلایەن کۆمپانیاکانی زبڵپاکەرەوەوە بەئۆتۆبێلی زبڵگواستنەوە لەناو زبڵی پشت ئۆتۆمبێلەکاندا دەبرێنە سەر کارەکانیان.

 

ئەمە بووتە جێی ناڕەزایەتی ژینگەپارێزان، بەڵام لەبەر نەبڕینی موچەکانیان ناچاربوون ڕازیبن بەوجۆرە بگوازرێنەوە.

 

کاسترۆ مەعروف ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی بە(خەڵک)ی ڕاگەیاند، ئەم شارە پایتەختی ڕۆشنبیرییە، بەڵام بەداخەوە مافی مرۆڤی تێدا ناپارێزرێت، بەنموونە ئەمڕۆ ئۆتۆمبێلێکی گواستنەوەى زبڵی لەڕێگا ڕاگرت، کە ژمارەیەک ژینگەپارێزی کردبووە پشتی ئۆتۆمبێلەکەوە لەناو زبڵدا بەپێوە وەستابوون، بەو جۆرە دەیبردنە سەر کار.

 

وتیشی: پێویستە ئەو بێڕێزیکردنە بەمافی مرۆڤەکان ڕابگیرێت، کە لەبەرچاوی هەموو دامودەزگا حکومییەکان ئەنجامدەدرێت.

 

ناوبراو ئاماژەى بەئەوەشدا، ئەمەی ڕوویداوە پێچەوانەی تەواوی بنەمایاساییەکان وئینسانییەکانە، بۆیە داواکارە سزای ئەو کۆمپانیایە بدرێت و بەڕێوەبەرایەتیهاتووچۆی سلێمانیش ئاگاداردەکاتەوەغەرامە دەستبەسەرداگرتن بۆ ئەو ئۆتۆمبێلە بکات، کەبەوشێوازە نامرۆڤانەیە کرێکاران لەگەڵ زبڵدا لەپشتەوەی ئۆتۆمبێلەکەدا دەگوازنەوە.

 

ئەمە لەکاتێکدایە بەپێی ڕێنماییەکان پێویستبوو ئەو کرێکارانە بەپاسی تایبەت هاتوچۆیان پێ بکرێت، نەک بخرێنە ناو ئۆتۆمبێلی گواستنەوەی زبڵەوە.