سەردێر

چوار گرنگترین گۆڕانكاری لە ئەمریكا دوای هێرشەكانی 11ی سێپتەمبەر

خەڵك
‌ئەمەریكا ئەمڕۆ یادی 20ساڵەی هێرشە خۆكوژیـیەكانی11ی سێپتەمبەری 2001دەكاتەوە كە لەلایەن ئەلقاعیدەوە ئەنجام‌دران و بوونە هۆی كوژرانی نزیكەی3 هەزار كەس. ئەم ڕووداوە كوشندەترین هێرش بوو لەسەر خاكی ئەمریكا دژ بە ویلایەتە یەكگرتووەكان و بۆ هەمیشە وڵاتەكەی گۆڕی.

ئەمانە سەرەكیترین گۆڕانكارین دوای هێرشەكەی 11ی سێپتەمبەر:

1- گەشتی ئاسمانی

پێش هێرشەكانی 11ی سێپتەمبەر، گەشتیاران دەیانتوانی چەندین كەلوپەلی جیاواز لەگەڵ خۆیان ببەن بۆ ناو فڕۆكە و پشكنین لەناو فڕۆكەخانەكان زۆر بەخێرایی تێپەڕدەبوو، لە هەمان كاتدا كەسوكاری گەشتیار دەیانتوانی تا دوا دەرگای فڕۆكەخانە بڕۆن بۆ بەڕێكردنی گەشتیارەكە. بەڵام ئەمە گۆڕا دوای ئەوەی 19 هێرشبەرەكەی سەر بە ئەلقاعیدە چوار فڕۆكەیان ڕفاند بۆ ئەنجامدانی هێرشەكان.

كۆمیتەی نەتەوەیی ئەمەریكا لەسەر هێرشە تێرۆرستیەكان لە ڕاپۆرتێكی سەبارەت بە 11ی سێپتەمبەر، كە مانگی 7ی 2004 بڵاوكرایەوە، دەڵێت ئەنجامی لێكۆڵینەوەكان ئاماژە بەوە دەكەن هێرشبەرەكان چەقۆ و كەتەریان بەكارهێنابوو بۆ دەستگرتن بەسەر فڕۆكەكاندا.

دوو مانگ دوای هێرشەكان، حكومەتی ئەمەریكا ئەركی پاراستنی فڕۆكەخانەكانی لە كەرتی تایبەت وەرگرتەوە و بۆ ئەو مەبەستە بەڕێوبەرایەتی ئاسایشی گواستەنەوە TSA ی دامەزراند، لە ژێر سایەی ئەو بەڕێوبەرایەتیـیە چەندین ڕێوشوێنی ئەمنی توند خرانە بواری جێبەجێكردنەوە وەك قەدەغەی بردنی چەند كەلوپەلێك بۆ ناو فڕۆكە، بە تایبەت ئەو شلەمەنیـیانەی دەكرێت ئاگربگرن یان ئەو كەلوپەلە تیژانەی دەكرێت وەك چەقۆ بەكاربهێندرێن.
بەڕێوبەرایەتیـیەكە لە هەمان كاتدا چەندین ئامێری تەكنەلۆژی پشكنینی خستە بواری كارپێكردن كە پـێویست دەكات گەشتیاران قایش و پێڵاوەكانیان دابكەنن بۆ پشكنین.

بۆ زیادكردنی ئاسایشی ناو فڕۆكە، ئێستا دەرگاكانی ژوری كۆنترۆڵی فڕۆكە لەلایەن كۆمپانیاكانی فڕۆكەوانی بە شێوەیەك بەرهەمدەهێندرێن كە بتوانن بەرگەی هێرشی بەهێز بگرن سەرەڕای ئەوە، فڕۆكەوانەكان دەتوانن لە ڕێگەی وەزارەتی ئاسایشی نەتەوەیی ئەمەریكا مۆڵەتی چەك وەربگرن و وەك ئەفسەری فیدڕاڵی كاربكەن لەناو فڕۆكەكاندا.

2- گۆڕانكاری دەزگایی

هێرشەكانی 11ی سێپتەمبەر چەندین پرسی نوێی ئاسایشیـیان هێنایە كایەوە كە پێویستیان بە دەزگا و ڕێوشوێنی حكومی نوێ هەبوو. بە گوێرەی واشنتن پۆست، لە دوای هێرشەكان پتر لە 236 ڕێكخراوی جیاوازی حكومی ئەمەریكی دامەزراون یان ڕێكخراونەتەوە. ئاژانسی هەواڵی PBS بڵاویكردۆتەوە كە ساڵێك دوای هێرشەكە لە كۆنگرێسی ئەمەریكا زیاتر لە 130 یاسای تایبەت بە هێرشەكە ئامادەكراون و بەلانی كەمەوە 48 پرۆژە یاسا پەسەندكراون.

یەكێك لە گرنگترین بڕیارەكانی كۆنگرێس و بەڕێوەبەرایەتی ئەو كاتەی حكومەتی ئەمریكا بە سەرۆكایەتی جۆرج بوشی كوڕ بریتی بوو لە پەسەندكردنی بڕیاری ‘یەكخستن و بەهێزكردنی ئەمەریكا بە دابینكردنی ئامرازی پێویست بۆ ئاشكراكردن و رێگری لە تێرۆر’ ناسراو بە Patriotic Act كە دەستەڵاتی فراوانتری دا بە دەزگاكانی ئاسایش بۆ چاودێری هێڵەكانی پەیوەندی و ئاسانكاری بۆ دۆزینەوەی گومانلێكراوان.

بەڕێوبەرایەتی بوش ساڵی 2002 وەزارەتی ئاسایشی نیشتمانی ئەمەریكای دامەزراند كە ئێستا خاوەنی زیاتر لە 240 هەزار كارمەندە و بە یەكێك لە گەورەترین دەزگاكانی كارگێڕی ئەو وڵاتە دادەندرێت. وەزارەتەكە 22 دەزگای جیاوازی فیدڕاڵی لە ناو خۆیدا كۆكردەوە بە تایبەت لەسەر ڕێكارەكانی كۆچ كردن و گەڕاندنەوەی كۆچبەرانی نایاسایی بۆ وڵاتەكانیان.

3- جەنگ دژی تیرۆر

پێنج ڕۆژ دوای هێرشەكان، ڕۆژی 16ی سێپـتەمبەری 2001، سەرۆك بوش لە پەیامێك بۆ گەلی ئەمریكا بۆ یەكەم جار دەستەواژەی “جەنگ دژی تێرۆر” ی بەكارهێنا وەك ئاماژە بۆ دەستپێكی ڕوبەڕوبونەوە لەگەڵ گروپە تێرۆرستیـیەكانی وەك ئەلقاعیدە. لە پەیامەكەیدا بوش بۆ هاوڵاتیانی ئەمەریكای ڕاگەیاند، ” ئەم جەنگی دژی تێرۆرە ماوەیەك دەخایەنێت. وە خەڵكی ئەمەریكا دەبێت پشوودرێژ بن. من پشوودرێژ دەبم.”

مانگێك كەمتر دوای هێرشەكان و دوای ئەوەی ڕژێمی تاڵیبان كە حكومڕانی ئەفغانستانی دەكرد ئامادە نەبوو ڕێبەرانی قاعیدە ڕادەستی ئەمەریكا بكات، لە 7/10/2001 هێزەكانی ئەمریكا بە هاوكاری ڕێكخراوی ناتۆ ئۆپەڕاسیۆنی خۆڕاگری ئازادیـیان بۆ ئەفغانستان دەستپـێكرد.هێزەكانی ئەمەریكا 10 ساڵ دوای هێرشەكە لە ئۆپەراسیۆنێكی سەربازیدا لە پاكستان توانیان ئوسامە بن لادن بكوژن.

ئۆپەراسیۆن و هاریكاریـیە سەربازیـیەكانی ئەمریكا لە ساڵانی دواتر چەندین ناوچەی تری گرتەوە وەك فلپین، پاكستان، بیابانی باكوری ئەفریقا و وڵاتانی دەریای سوور. تەنانەت شەڕی تێرۆر فراوانتركرا بۆ جەنگ لە دژی ڕژێمی سەدام حسێن كە گومانی لێدەكرا خاوەن چەكی كۆمەڵكوژبێت. بۆیە لە مانگی سێی ساڵی 2003، هێزە هاوپەیمانەكان بە ڕێبەرایەتی ئەمریكا هێرشیان كردە سەر عێراق بۆ لەناوبردنی ڕژێمی بەعس بە سەرۆكایەتی سەدام حسێن بە تۆمەتی ئاشكرانەكردنی چەكە كۆمەڵكوژەكانی.

شایەنی باسە، حكومەتی ئەمەریكا لە ساڵانی دواتر بە سەرۆكایەتی براك ئۆباما بەكارهێنانی دەستەواژەی “جەنگ دژی تیرۆر” ی كەم كردەوە تا ساڵی 2009 ئۆباما بە فەڕمی داوای لە وەزارەتی بەرگری كرد كە دەستەواژەی “ئۆپەراسیۆنی بیانی لەناكاو” وەك جێگرەوە بەكاربهێنێت.

4- بارودۆخی مسوڵمانانی ئەمەریكا

بە گوێرەی ئەنجومەنی پەیوەندیـیەكانی ئەمەریكا- مسوڵمانان لە نیویۆرك، بەلایەنی كەمەوە 28 كەس لەو هاوڵاتیانەی كە لە هێرشەكەی ئەلقاعیدە كوژران مسوڵمان بوون. لەگەڵ ئەوەشدا كاربەدەستانی ئەمەریكا دەڵێن دوای ڕووداوەكانی 11ی سێپتەمبەر لۆمەكردنی مسوڵمانان و ڕەگەزپەرستی دژیان بە شێوەیەكی بەرچاو هەڵكشاوە.

بە گوێرەی وەزارەتی دادی ئەمەریكا، لەماوەی 20 ساڵی ڕابردوو زیاتر لە 800 كەیسی توندوتیژ و هەڕەشەی گرێدراو بە هێرشەكەی 11ی سێپتەمبەر تۆماركراون دژ بە عەرەبی ئەمەریكی و مسوڵمانان و سیكەكان (سیخ) و ئەو كەسانەی ڕوخساریان لە هاوڵاتیانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەچێت.

لەگەڵ ئەوەشدا، كاربەدەستانی باڵای ئەمریكا هەمیشە جەختیانكردووەتەوە كە ئەلقاعیدە و گروپە توندڕەوە ئیسلامیـیەكانی تر گوزارشت لە ئیسلام ناكەن.

لە لێدوانێكیدا 6 ڕۆژ دوای هێرشەكانی 11ی سێپتەمبەر، سەرۆك بوش ڕایگەیاند، “تیرۆر ڕووی ڕاستەقینەی ئیسلام نییە. ئیسلام ئەمە نییە. ئیسلام ئاشتییە. ئەم تێرۆرستانە نوێنەرایەتی ئاشتی ناكەن. ئەوان نوێنەرایەتی خراپە و شەڕ دەكەن.”

بۆ ئامادەكردنی ئەم ڕاپۆرتە سود وەرگیراوە لە ئاژانسی هەواڵی فەرمیPBSو سەنتەری توێژینەوەی پیو لە واشنتن.