سەردێر

كێشەی كەمئاوی لە گوندەكانی قەزای ماوەت بەردەوامە

خەڵك
بەهۆی وشكەساڵی لە ناوچەكانی هەرێمی كوردستان كێشەی كەمئاوی بەردەوامە و بەشێك لە گوندەكانی سەر بە قەزای ماوەت لە دۆخێكی خراپدان.

لەو بارەیەوە كامەران حەسەن، قائیمقامی ماوەت بە(خەڵك)ی ڕاگەیاند، كێشەی ئاوی ئاودێری بۆ هەموو گوندەكانی سنوورەكە دروست بووە و بەشێك لە گوندەكانی وەك قامیش و كانی چنار و سورە قەڵاتیش كێشەی كەمبوونی ئاوی خواردنەوەیان هەیە.

ئاماژەی بە ئەوەشكرد، گوندی سورەقەڵات كە گەورەترین گوندە لە سنوورەكەدا كێشەی ئاوی خواردنەوەی هەیە و گوندی قامیش بە هەمان شێوە كە نزیكەی 50 ماڵی تێدایە.

باسی لە ئەوەشكرد، لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەكان لە هەوڵی دۆزینەوەی چارەسەرین بۆ ئەو گرفتە، بەڵام ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی پێیان ڕاگەیاندووین كە هیچ بڕە پارەیەكیان لەبەردەستدا نییە بۆ ڕووبەڕوبوونەوەی وشكەساڵی.

وتیشی، بەڕێوەبەرایەتی ئاوی دەوروبەریش زۆر بە گران پارەكانی دەستدەكەوێت و هیچی لەبەردەستدا نییە بۆ جێبەجێكردنی داواكارییەكان.