سەردێر

نێچیرڤان بارزانی پەیامێكی بڵاوكردەوە

خەڵك

سەرۆكی هەرێمی كوردستان داوا دەكات بانگەشەیەكی مەدەنیانەی ئارام لە ئاستێكی بەرزدا ئەنجام بدرێت، تا نەبێتە هۆی بێزاركردنی هاووڵاتییان و لە هەموو پشێوی و یەكترشكاندن و ناوزڕاندنێك دوور بێت.

نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان لە پەیامێكدا ڕایگەیاندووە، لەكاتێكدا بانگەشەی هەڵبژاردنەكانی (10)ی ئۆكتۆبەری داهاتوو لە عیراق و هەرێمی كوردستان بەڕێوە دەچێت، داوا لە هەموو لایەك دەكەم بانگەشەیەكی مەدەنیانەی ئارام لە ئاستێكی بەرزدا ئەنجام بدەن.

داواش لەهەموو لایەن و دامودەزگا ئیداری و ئەمنییەكان و میدیا و كۆمەڵگای مەدەنی دەكات، كە هاوكار بن بۆ سەركەوتنی پرۆسەی بەڕێوەبردنی بانگەشەی هەڵبژاردن لە چوارچێوەی یاسادا، بە تەواوی ئازاد بێت و دەرفەتی یەكسان و وەك یەك بۆ هەموو لایەن و كاندیدەكان فەراهەم بێت.

دەقی پەیامەكەی سەرۆكی هەرێمی كوردستان
كوردستانییانی خۆشەویست،
هاووڵاتیانی ئازیز لە هەرێمی كوردستان و عیراق
لەكاتێكدا بانگەشەی هەڵبژاردنەكانی (10)ی ئۆكتۆبەری داهاتوو لە عیراق و هەرێمی كوردستان بەڕێوە دەچێت، نەبێتە هۆی بێزاركردنی هاووڵاتییان و لە هەموو پشێوی و یەكترشكاندن و ناوزڕاندنێك دوور بێت. بە هیچ شێوەیەك لەسەر حیساب و لەكەداركردنی كەسایەتیی كاندید‌، بەتایبەتی كاندیدی ئافرەت نەبێت.
هەموو لایەن و دامودەزگا ئیداری و ئەمنییەكان و میدیا و كۆمەڵگای مەدەنی، هاوكار بن بۆ سەركەوتنی پرۆسەی بەڕێوەبردنی بانگەشەی هەڵبژاردن لە چوارچێوەی یاسادا. بە تەواوی ئازاد بێت و دەرفەتی یەكسان و وەك یەك بۆ هەموو لایەن و كاندیدەكان فەراهەم بێت.
هەموو حزب و لایەنە سیاسییەكان دەبێ ئەوەیان لە بیر بێت كە دوای هەڵبژاردن هەموومان ئامانجمان ئەوەیە لە بەغدا پێكەوە كار بكەین بۆ پتەوكردنی دیموكراسی، بەرژەوەندییەكانی عێراق بەگشتی و بەدەستهێنان و پاراستنی مافە دەستوورییەكانی هەرێمی كوردستان بەتایبەتی. لە بانگەشەی هەڵبژاردندا دەبێ كارێكی وا نەكرێت هەماهەنگی و هاریكاری و پێكەوەیی و كاری هاوبەشی داهاتوو لە بەغدا سەختتر بكات.
دەنگدان ماف و ئەرك و بەرپرسیاریەتییە، دەبێ پەیامی هەموومان ئەوە بێت كە هاووڵاتییان ئەو مافەیان بە كار بهێنن، ئەرك و بەرپرسیاریەتی هەڵبگرن و بە بەشداریی كارایان له دەنگداندا، هەمووان پێكەوە لە گۆڕانگاری و هەوڵەكانی بنیاتنانی داهاتوویەكی باشتردا بەشدار بن. ئەم هەڵبژاردنە بۆ عیراقییەكان گرنگە، كۆمەڵگەی نێودەوڵەتیش بە بایەخەوە لێی دەڕوانێت، بۆیە نەتەوە یەكگرتووەكان و یەكێتیی ئەورووپا تیمەكانیان دەنێرن و لە نزیكەوە چاودێری دەكەن.

هیوای بانگەشەیەكی‌ سەركەوتوو بۆ هەموو لایەك و هەڵبژاردنێكی پاك و بێگەرد دەخوازم كە جێی متمانەی هەمووان بێت.

نێچیرڤان بارزانی
سەرۆكی هەرێمی كوردستان
2021/9/10