سەردێر

گەرمای هاویین كۆتایی هات و پلەكانی گەرما ڕوو لە دابەزین دەكەن

خەڵك-
پێشبینییەكانی كەشوهەوا بۆ ئەمڕۆ هەینی، ئاماژە بە دابەزینی پلەكانی گەرما دەكەن بۆ ئاستێكی وەها كە وڵات بۆ سێ‌ مانگ دەچێت كەشوهەوای وەهای بەخۆوە نەبینیوە.

محەمەد عەلی كەشناسی عیراقی لە نوسینێكیدا لەسەر تۆڕی كۆمەڵایەتی (قەیسبوك) ڕایگەیاندووە”ناوچەیەكی فراوان لە وڵاتدا لە سەرلەبەیانی ئەمڕۆدا كەشێكی ساردی هەبووە، نزمترین پلەكانی گەرماش بۆ سێ‌ مانگە لەم ئاستەدا نەبوون كە بەمشێوەیەن:

ناوچەكانی باكوور: 19 بۆ 23
ناوچەكانی ناوەڕاست: 24 بۆ 26
ناوچەكانی فوراتی ناوەڕاست: 26 بۆ 27
ناوچەكانی باشوور: 27 بۆ 28
ناوچە شاخاوییەكان بۆ كەمتر لە 15 پلەی سەدی

بە وتەی ئەو كەشناسە”ئاراستەی با ڕوو لە باكووری خۆرئاوایە و خێراییەكی مامناوەندی هەیە و چالاكییەكەی 30 كیلۆمەترە لە كاتژمێرێكدا لە ناوچەكانی ناوەڕاست و باشوور و خۆرئاوا، لە باكووریش ئاراستەی ڕوو لە خۆرئاوایە و خێراییەكی كەمی هەیە”، ئاماژەی بە دابەزینی زیاتری پلەی گەرماش كرد لە یەك شەممەی داهاتووەوە.