سەردێر

تاڵیبان لەسەر نیشتەجێكردنی شیعەكانی ئەفغانستان لە عیراق هاتەدەنگ

خەڵك-
بزوتنەوەی تاڵیبان ئەو ڕاپۆرتانەی ڕەتكردەوە كە سەبارەت بە نیشتەجێكردنی كەمینەی هەزارە (شیعەكانی ئەفغانستان) لە ناوچەكانی خۆرئاوای عیراق بڵاوكرانەوە و سەرسوڕمانی خۆی بەرامبەر بەو ڕاپۆرتانە دەربڕی.

محەمەد نەعیم، وتەبێژی مەكتەبی سیاسی بزوتنەوەی تاڵیبان لە چاوپێكەوتنێكیدا كە لەلایەن كەناڵی (روسیا الیوم)ەوە بڵاوكرایەوە، سەبارەت بەو ڕاپۆرتانەی باس لە نیشتەجێكردنی شیعە ئەفغانییەكان دەكەن لە عیراق ڕایگەیاند”دەبێت بگەڕێینەوە بۆ عەقڵ، ئەوان بۆ ڕادەگويزرێن، ئەوانەی لە ئەفغانستان نیشتەجێن ڕۆڵەی ئەم وڵاتەن، ئەوان هاووڵاتیین، ئیتر بۆچی ڕادەگوێزرێن”.

نەعیم سەرسوڕمانی خۆی بەرامبەر بیرۆكەكە دەربڕی و بە “قسەی پوچ” ناوی برد.

وتەبێژەكەی مەكتەبی سیاسی بزوتنەوەی تاڵیبان دەڵێت”ئەفغانییەكان یەك دەست و مەچەكن و یەك گەلن، لە وڵات و نیشتمانەكەیاندا نیشتەجێن بەبێ‌ كێشە”.

لەم چەند ڕۆژەی دواییدا هەواڵی ئەوە بڵاوبۆوە كە گوایە، پێشنیارێك هەیە بۆ نیشتەجێكردنی پەنابەرە ئەفغانییەكان لە عیراق، لەبەرامبەر كۆمەكێكی دارایی كە دەدرێتە بەغدا.