سەردێر

لە دوو ڕۆژی داهاتوو پارتی بانگەشەی ناوەندی هەڵبژاردن دەستپێدەكات

خەڵك
بەرپرسی دەزگای هەڵبژاردنی پارتی دیموكراتی كوردستان لە پارێزگای سلێمانی – هەڵەبجە ڕایدەگەیەنێت، لەچوارچێوەی ڕێنمایی و ڕێكارە یاسایییەكانی كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكان تەواوی ئامادەكارییەكانیان بۆ چوونە نێو هەڵبژاردنەكەوە‌ تەواو كردووە.

ڕزگار ئەژی گۆران، بەرپرسی دەزگای هەڵبژاردنی پارتی دیموكراتی كوردستان لە پارێزگای سلێمانی-هەڵەبجە، بە ماڵپەڕی فەرمی حزبەكەی ڕاگەیاندووە، ئامادەكاریی تەواو و پێویستمان لە‌بازنەكانی هەڵبژاردنی ‌سنوورەكە كردووە، كە‌ پێنج بازنەی هەڵبژاردنە و بۆ هەریەك لە بازنەكان لە ڕووی دیموگرافی و جەماوەرییەوە بەپێی تایبەتمەندیی هەر بازنەیەك میتۆدێكی تایبەتمان گرتووەتە بەر.

ڕاشیگەیاندووە، بۆ دەستپێكردنی بانگەشەی هەڵبژاردن لە پارێزگای سلێمانی چاوەڕێی بڕیاری لیژنەی باڵای هەڵبژاردنین، لە یەك دوو ڕۆژی داهاتوودا پارتی بانگەشەی هەڵبژاردنی ناوەندی دەست پێ دەكات.
ئەمە لەكاتێكدایە، ئەمڕۆ پارتی دیموكراتی كوردستان لە دەڤەری ڕاپەڕین و هاوپەیمانی كوردستان (یەكێتی و گۆڕان) لە شاری كەركوك دەستیان بە بانگەشەی هەڵبژاردن كرد .