سەردێر

هاوپەیمانی كوردستان لەكەركوكەوە دەستی بە هەڵمەتی هەڵبژاردن كرد

خەڵك
هاوپەیمانی كوردستان بۆ هەڵبژاردنی پەڕلەمانی عیراق دەستی بە بانگەشەكرد و لە شاری كەركوك رێوڕەسمێكی بەرفراوان بۆ ناساندنی كاندیدەكان سازكرا و قوباد تاڵەبانیش دەڵێت،”هاوپەیمانی كوردستان بەعەقڵێكی نوێوە هاتووە بۆ ئەوەی بەهێزێكی گەورەوە بچێتە بەغدا و بە یەكجاری و بۆ هەمیشە كێشەی بودجە و مووچە و كێشە هەڵپەسێردراوەكانی دیكە چارەسەر بكات”.

هاوپەیمانی كوردستان ئەمڕۆ پێنج شەممە 9/9/2021، لە شاری كەركوك رێوڕەسمێكی بەرفراوان بۆ ناساندنی كاندیدەكانی رێكخست و هەڵمەتی بانگەشەی هەڵبژاردنی بۆ پەڕلەمانی عێراق دەست پێكرد .

قوباد تاڵەبانی، سەرۆكی هاوپەیمانی كوردستان ڕایگەیاند، هاتووین لە كەركوكی قودسەوە بانگی یەكڕیزی بدەین بە گوێی گەلی كوردستاندا، هاتووین بە نەیارانی كەركوك بڵێین ڕەنگە بتوانن ئاگری بابەگوڕگوڕ دابمركێننەوە، بەڵام خەیاڵتان خاوە، نەتەوەی كورد، نەتەوەیەكی زیندوو و تێكۆشەر و كۆڵنەدەرە، و هەتا كوردێك مابێت كەركوك شاری كوردستانە.

وتیشی:”هاتووین دڵنیاتان بكەینەوە كە چیتر رێگە نادەین، نە كەركوك و نە هیچ بستە خاكێكی پیرۆزی كوردستان و باجی سیاسەتی هەڵە و سەركێشی سیاسی هیچ كەس و لایەنێكی تر بدات، بۆیە هاوپەیمانی كوردستان بە عەقڵێكی نوێوە هاتووە بۆ ئەوەی بەهێزێكی گەورەوە بچێتە بەغدا و بە یەكجاری و بۆ هەمیشە كێشەی بودجە و موچە و كێشە هەڵپەسێردراوەكانی تر چارەسەر بكات”.

ڕاشیگەیاند، كەركوكییەكان رووبەڕووی ستەم و غەدرێكی گەورە بوونەتەوە، بۆیە بەیارمەتی ئێوە كۆتایی بەم دەسەڵات و ئیدارە خۆسەپێنییە دەهێنین و ئارامی و سەقامگیری بۆ دەگێڕینەوە و یەكێ لە ئێوە دەكەینەوە پارێزگار.

ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد، ئەزمونمان لە دانووستانی قورس و درێژ هەیە و هەر ئێمەشین جێی متمانەی هێزە عێراقی و لایەنە نێودەوڵەتییەكانین، وەك ئەو لایەنانەی دیكە نین كە زوو هەڵبچین و زوو كۆڵ بدەین و لەسەر حیسابی قوت و موچەی خەڵك، بە میزاجی شەخسی بڕیار بدەین، لایەنی دیكە هەیە هەر باوەڕی بە چارەسەركردنی كێشەكان نییە لەگەڵ بەغداد و لەهەر دەقە و ساتێكدا بێت، سەركێشییە سیاسییەكانیان دەستپێدەكەنەوە، خۆ ئەگەر دانووستانیش بكەن تەنیا بۆ مسۆگەركردنی پۆستەكانی بەغدا.