سەردێر

هەڵبژاردەی ئەڵمانیا لە ڕووداوێكی مەترسیدار ڕزگاریی بوو

خەڵك-
دوای بردنەوەی بە چوار گۆڵی بێ‌ بەرامبەر لە هەڵبژاردەی ئایسلەندا، لە چوارچێوەی پاڵاوتنی ئەوروپا بۆ سەركەوتن بۆ جامی جیهانی 2022، هەڵبژاردەى ئەڵمانیا لە ڕووداوێكی مەترسیدار ڕزگاریی بوو دوای ئەوەی فڕۆكەكەی كە بەرەو فرانكفۆرت بەڕێكەوتبوو، لەسەر ئاسمانی سكۆتلەندا دووچاری كێشە بوو، بۆيە ناچار بوو لە ئیدنبرەی پایتەختی سكۆتلەندا بنیشێتەوە.

لەسەرلەبەیانی ئەمڕۆ پێنج شەممە، فڕۆكەوانەكان باری نائاساییان لەسەر ئاسمانی سكۆتلەندا ڕاگەیاند و ناچار بوون لە ئیدنبەرەی پایتەخت بنیشنەوە دوای ئەوەی فڕۆكەكە ڕووبەڕووی ئاستەنگ بۆوە لەبەرزی 29 هەزار پێ‌ و لە دووری 3 میل لە خۆرئاوای ئەربرۆت لە كەناری خۆرهەڵات، تا ئاراستەی خۆی بەرەو خۆرئاوا بگۆڕێت.

گەیشتنی فڕۆكەكە بۆ ئیدنبرە 20 خولەكی پێچوو، فڕۆكەكەش باریی نائاسایی ڕاگەیاندبوو، تا ئەو كاتەی لە فڕۆكەخانە نیشتنەوە، ئەمەش لەلایەن ڕۆژنامەی “دەیڵی مەیڵ”ی بەریتانییەوە ئاماژەی پێكراوە.

ڕۆژنامەكە دەڵێت، ياريزانانى هەڵبژاردەی ئەڵمانیا 6 كاتژمێر لە دوای نیشتنەوەی فڕۆكە لە فڕۆكەخانە، لەنێو فڕۆكەكەدا گیریان خوار، لە چاوەڕوانی دەستەبەركردنی فڕۆكەیەكی تر.

یەكێتی تۆپی پێی ئەڵمانیا، لەڕێی ئەكاونتی فەرمی خۆی لەسەر تۆڕی كۆمەڵایەتی تویتەر، جەماوەری دڵنیاكردەوە لە سەلامەتی هەمووو ئەوانەی لە فڕۆكەكەدا بوون.

سەرلەئێوارەی دوێنێ‌ چوار شەممە، هەڵبژاردەی ئەڵمانیا ڕووبەڕووی هەڵبژاردەی ئایسلەدا بۆوە و توانای بە ئەنجامی چوار گۆڵی بێ‌ بەرامبەر یارییەكە بباتەوە.