سەردێر

هێمن هەورامی: نووسینەوەی دەستووری هەرێم كاری لە پێشینەی ئەم وەرزەی یاسادانان دەبێت

خەڵك

لەدیدارێكدا لەگەڵ شاندێكی كونسوڵخانەی ئەمریكا لە هەولێر، جێگری سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان ڕایگەیاند، كاری لە پێشینەی ئەم وەرزەی یاسادانان نوسینەوەی دەستوری هەرێمی كوردستان دەبێت، دەشڵێت: نووسینەوەی دەستوریش دەبێتە هەنگاوێكی تر بۆ زیاتر چەسپاندنی قەوارەی هەرێمی كوردستان.
پەرلەمانی كوردستان لە ڕاگەیەنراوێكدا ڕایگەیاند ، ڕۆژی چوارشەممە هێمن هەورامی، جێگری سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان، پێشوازیی لە دێو تیەنتەواچ، سەرۆكی بەشی كاروباری سیاسی و ئابوری لە كونسوڵخانەی گشتیی ئەمریكا لە هەرێمی كوردستان كرد و لە دیدارێكدا گفتوگۆ لەبارەی دۆخی سیاسی و ئەمنی و هەڵبژاردنی پێشوەختەی عیراق و كارەكانی پەرلەمانی كوردستان كرا.

لای خۆیەوە، هێمن هەورامی ڕایگەیاند، ڕێكارە پەیڕەوییەكانی پەرلەمان بۆ دەرچوواندنی یاسا و چاودێری و بەدواداچوون بۆ كارەكانی حكومەت باس كرد و وتی، لەناو پەرلەمان چەند پێشنیازەیاسایەك ئامادەكراون لە سەرجەم سێكتەرە جیاوازەكان و بڕیارە لە داهاتوودا بخرێنە بەرنامەی كاری دانیشتنەكانی پەرلەمانەوە.

جێگری سەرۆكی پەرلەمان ئاماژەی بەوەشكرد، “كاری لە پێشینەی ئەم وەرزەی یاسادانان نووسینەوەی دەستووری هەرێمی كوردستان دەبێت، بۆ ئەم مەبەستەش هەوڵی جدی هەیە لەم وەرزەی یاسادانان دەستووری هەرێمی كوردستان بنووسرێتەوە و تێپەڕێنرێت، ئەوەش دەبێتە هەنگاوێكی تر بۆ زیاتر چەسپاندنی قەوارەی هەرێمی كوردستان و ڕێكخستن و جیاكردنەوەی دامەزراوەكان و دەسەڵاتەكانیان”.

هەر بەپێی ڕاگەیەنراوەكە، دێو تیەنتەواچ، سەرۆكی بەشی كاروباری سیاسی و ئابووری لە كونسوڵخانەی گشتیی ئەمریكا لە هەرێمی كوردستان، هیوای خواست پەیوەندییەكان بەردەوامییان پێبدرێت و بەهێزتر بكرێن و ڕاشیگەیاند، “ئەمریكا بەردەوام دەبێت لە هاوكاریكردنی عیراق و هەرێمی كوردستان”.