سەردێر

لیژنەی باڵای كۆرۆنا بڕیارێكی نوێی دەركرد

خەڵك-
لیژنەی باڵای تەندروستی و سەلامەتی نیشتمانی بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی كۆرۆنا بڕیاریدا “پەلە نەكات لە هێنانی ڤاكسینی ڕوسی”.

ئەمیندارێتی گشتی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق لە ڕاگەیەنراوێكدا ئاماژەی بەوەكردووە، لیژنەی باڵای تەندروستی و سەلامەتی نیشتمانی بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی كۆرۆنا لە كۆبوونەوەی ڕۆژی 5ی ئەیلولدا بڕیاریداوە پەلە نەكات لە هێنانی ڤاكسینی (سبوتنیكV)ی ڕوسی بۆ وڵات.

ڕاشیگەیاندووە، هۆكاری بڕیارەكە بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە، كە لە ئێستادا و بۆ تەواوی ئەمساڵ ڤاكسینی تەواو و پێویست لە هەرسێ‌ جۆری (سینۆفاڕم و ئەسترازینیكا و فایزەر) بەردەستن بۆ كوتانی هاووڵاتیان و هەروەها تا ئێستا ئەو ڤاكسینە ڕوسیە لەلایەن ڕێكخراوی تەندروستی جیهانییەوە پەسەند نەكراوە.

بەپێی بڕیاری وەزارەتی تەندروستی عێراق و هەروەها لیژنەی باڵای تەندروستی و سەلامەتی نیشتمانی سێ‌ ڤاكسینی (سینۆفارزم)ی چینی و (ئەسترازینیكا)ی بەریتانی و (فایزەر)ی ئەمریكی پەسەند كراون بۆ كوتانی هاووڵاتیان و لە تەواوی ناوەندەكانی كوتان لە عێراق و هەرێم بەردەستن.