سەردێر

مووچەی فەرمانبەرانی سەر سندوقی دەنگدان دیاریكرا

خەڵك-
كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەكانی عێراق ئاشكرای دەكات، كە دەستیان بە خولی ڕاھێنانی فەرمانبەرانی ڕۆژی دەنگدان بۆ ھەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق كردووە، كە بڕیارە لە ١٠ی تشرینی یەكەمی ٢٠٢١ ئەنجام بدرێت و سەرچاوەیەكیش بڕی مووچەكە ئاشكرادەكات.

سەرچاوەیەك لە كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكانی سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان بۆ (خەڵك) ئاماژەی بەوەكرد، لە ئێستادا خولی ڕاھێنانی فەرمانبەرانی ڕۆژی دەنگدان بۆ ھەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە سەرتاسەری عێراق دەستی پێكردووە و سەرەتا ئەوانەی فەرمانبەرن خولەكە تەواو دەكەن، كە بۆ 5 ڕۆژە و دواتر بەپێی پێویستی خول بۆ دەرچووانی زانكۆ و پەیمانگاكانیش دەكرێتەوە.

وتیشی، “وەك پاداشتی بەشداری كردن لەخولەكان و سەرپەرشتی ڕۆژی دەنگدان بڕی 150 هەزار دینار دەدرێتە فەرمانبەران لەگەڵ سوپاس و پێزانینێكی سەرۆك وەزیرانی عێراق، بەڵام بۆ ئەوانەی دەرچووی زانكۆ و پەیمانگاكانن بڕی پارەكە زیاترە و دەگاتە نزیكەی 250 هەزار دینار”.

ئەو سەرچاوەیەی كۆمسیۆن لە سلێمانی ئاشكرای كرد، خولەكە لە گەڕی یەكەمیدا لە سنوری (٧٩) ناوەندی لاوەكی سەر بە ئۆفیسی ھەڵبژاردنەكانی سلێمانی و بە بەشداری (٨٢٠٠) فەرمانبەری ڕۆژی دەنگدان لە (٢٣٦) ھۆڵ بەڕێوە دەچێت و ماوەی 5 ڕۆژ دەخایەنێت .

پێشتر، ئامانج عەزیز، بەڕێوەبەری ئۆفیسی سلێمانی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەكانی عێراق بە (خەڵك)ی ڕاگەیاند، لەدوای ئەوەی ناوی ئەو فەرمانبەر و دەرچووانەی، كە بۆ بەشداری لە هەڵبژاردنی داهاتووە وەك كارمەندی سەر سندوقەكان ناویان تۆمار كرد بوو ناویان هاتۆتەوە و خولی تایبەتیان بۆ دەكرێتەوە.

وتیشی، “لەئێستادا خول بۆ ئەو فەرمانبەرانە كراوەتەوە، كە بەشدارن لەسەر سندوقەكانی دەنگدانی داهاتوو و تەلەفونیان بۆ كراوە، فێركارییەكانی پڕۆسەی هەڵبژاردنی ئەمساڵ –یان پێ ئاشنا دەكرێت و دواتر خول بۆ دەرچووانی زانكۆ و پەیمانگاكان دەكرێتەوە”.

بڕیارە لە 10-10-2021 هەڵبژاردنی پێشوەختە بۆ پەڕلەمانی عێراق ئەنجام بدرێت و لێیەوە حكومەتێكی نوێ‌ پێكبهێنرێت، كە ئەوەش داخوازی خۆپیشاندانەكانی دوو ساڵی ڕابردووی عێراقە.