سەردێر

کورد دەستکەوتی لەجەهەپە و تورکیا دەستناکەوێت

خەڵک – نزار جەزا

 

ماوەى چەند ڕۆژێکە شاندێکی جەهەپە لەهەرێمی کوردستانە و لەگەڵ پارت و لایەنە سیاسییەکان کۆدەبێتەوە، لەوبارەیەوە چاودێرێکی سیاسی پێیوایە، جەهەپە دان بەحکومەتى هەرێمدا نانێت، بۆیە مامەڵە لەگەڵ حزبەکاندا دەکات و حزبەکانیش بەڵایەکن بەسەر باشووری کوردستانەوە. جەخیشیکردەوە، حزبەکانی باشووری کوردستان لەم پەیوەندییانە هیچ دەستکەوتێکیان دەستناکەوێت و تورکیاش لەسەر بنەمای لەناوبردنی کورد دامەزراوە، نەک بەخشینەوەی دەستکەوت بەکورد.

 

حزبەکانی تورکیا بەمەبەستی چوونە سەر کورسی دەسەڵات، لەماوەى پێش هەڵبژاردندا دەمەزەردەی پەیوەندییەکانیان لەگەڵ کورد دەکەنەوە و خۆیان بەئاشتیخواز پیشاندەدەن، بەڵام کاتێک چوونە سەر کورسی دەسەڵات بەڵێنەکانیان نابەنەسەر، بەڵکو ئەو بەڵێنانە بۆ بەکارهێنانی کوردە بەمەبەستی گەیشتن بەدەسەڵات.

 

عادل عوسمان چاودێری سیاسی بە(خەڵک)ی ڕاگەیاند، سەردانە دیبلۆماسییەکان زۆربوون و هەرێمی کوردستانی بەخۆیەوە خەریک کردووە، بەڵام سەردانەکان تاکلایەنەن، واتە کۆبوونەوەکان لەگەڵ حکومەت نین، بەڵکو لەگەڵ لایەنە سیاسییەکانن بەتایبەت پارتی دیموکراتی کوردستان.

 

ئاماژەى بەئەوەشدا، لەناو هەلومەرجێکدا کە ئاڵوگۆڕی ناوچەیی و هەرێمی هەیە، ئەم سەردانانە جێگەی گومان و پرسیارن، ئایا سەردانکەرەکان بەدوای چییەوەن؟ چونکە سەردانەکان شاراوەن و بابەتەکانی پشت پەردە دیارنین.

 

باسی لەئەوەشکرد، تەنها پارتی گەلی کۆماری نییە، کە سەردانی باشووری کوردستانی کردووە، بەڵکو وەزیری دەرەوەی ئەردەن و وەزیرانی دەرەوەی وڵاتانی دیکەش سەردانیان کردووە، تەنانەت دەنگۆ هەیە لەداهاتوودا ئەردۆغانیش سەردانی ئەم ناوچەیە بکات، بۆیە گومانێکی زۆر دەکەوێتە سەر ڕەوشەکە و هێرشێکی داگیرکاری تورکیاش لەبادینان هەیە، لەبەرئەوە گومانەکان فراوانتردەبن لەوەى سەردانەکان بۆچین؟

 

وتیشی: بەڕێز بارزانی بە وەفدی پارتی جەهەپەی وتووە: (قەدەری گەلانی ناوچەکە ئەوەیە کە لەگەڵ یەکتر بژین و زمانی نکوڵیکردن وەلابنێن)، بەڵام ئایا ئەو هێرشانەى دەوڵەتى تورکیا دەیانکاتە سەر باشووری کوردستان زمانی ئاشتی و پێکەوەژیانە؟ یان ئایا ئەو بەشدارییەی پارتی لەگەڵ تورکیا لەدژی هەرێمەکانی مەدیا و ڕۆژئاوا ئەنجامیدەدات زمانی پێکەوەژیانە؟ یان ئایا ئەو زیندانییانەى لەباشووری کوردستان هەن و فشاریان لەسەر دەکرێت و دادگایی ناکرێن پێکەوەژیانە؟ لەبەرئەوە پێویستە لەدەرەوەی دیدارەکان هەڵسەنگاندن بۆ ئەو دیدارانە بکرێت، کە پەیامی باشیان تێدا نییە و پێویستە مرۆڤ بەرامبەر بەو سەردانانە هەستیار بێت.

 

ناوبراو گەڕایەوە بۆ ساڵی ١٩٩٢ کە ئەردۆغان سەردانی ئەم ناوچەیەی کرد و لەگەڵ دەسەڵاتدارانی باشووری کوردستان کۆبووەوە، و ئاماژەى بەئەوەدا، ئەردۆغان ئەو کاتە هێزێکبوو ئاڵوگۆڕێکی دەدا بەدەوڵەتی تورکیا، کە سیاسەتێکی نوێ بەڕێوەدەبەن، ئەوەبوو ئاکەپە هاتە سەر دەسەڵات و گوایە ئاشتیخوازە، بەڵام ئاشتیخوازنەبوو، بۆیە چاوەڕێدەکرێت لەدوای هەڵبژاردنەکانی عێراق ئاڵوگۆڕێکی فراوان ئەم ناوچەیە بگرێتەوە و تورکیاش بەشێک دەبێت لەو گۆڕانکارییانە، لەوانەیە ئاستی سەرکەوتنی ئەکەپەش لە هەڵبژاردنەکانی ساڵی ٢٠٢٣دا خراپبێت، بۆیە جوڵەیەکی لەم جۆرەى جەهەپە بۆ باشووری کوردستان بۆئەوەیە، کە دەسەڵاتی لەتورکیا گرتەدەست، لەئێستاوە پلاندابنێت لەگەڵ پارتی دیموکراتی کوردستان یان حزبەکانی دیکە لەباشووری کوردستان پەیوەندییەکانیان چۆنبن.

 

ئەوەشی خستەڕوو، لەپاش هەڵبژاردنی داهاتووی تورکیا ئەگەر ئاڵوگۆڕی دەسەڵات ڕوویدا، پەیوەندی نوێ و ڕێکەوتنی نوێ دروستدەبن، چونکە گۆڕانکارییەکان لە ناوچەکە هەیە و هەموو گریمانەیەک چاوەڕێکراوە.

 

باسی لەئەوەشکرد، دەستکەوت بۆ کورد لەلایەن جەهەپە یان ئەکەپە نییە، چونکە دەوڵەتی تورکیا لەسەر لەناوبردنی کورد دامەزراوە، بۆیە دەستکەوت بۆ کورد پەیوەستە بەتێکۆشانی یەکێتیی نەتەوەیی گەلی کوردەوە و تاکو چەند خۆی دەسەلمێنێت کە خاوەن مافە.

 

ئەوەشی باسکرد، لەناوچوونی ئەکەپە بەرهەمی تێکۆشانی گەلی کوردە، کە توانیویەتی ئەو هاوکێشە قێزەونە سەرکوتکارە شەڕەنگێزە هەڵوەشێنێت و هێزێکی دیکە لەناو گۆڕانکارییەکانی تورکیا باڵادەستبێت، بۆیە پێویستە گەلی کورد لەچوارچێوەی یەکێتیی نەتەوەیی و پێکەوەبووندا تێکۆشان بکات، نەک لەگەڵ لایەنی دیکە تێکۆشان بکات و ڕێکەوتن بکات.

 

ناوبراو ئاماژەى بەئەوەشدا، لەباشووری کوردستان حکومەتى هەرێم هەیە، بەڵام جەهەپە مامەڵە لەگەڵ حزبەکان دەکات، نەک حکومەتى هەرێم، ئەمەش بەهۆی ئەوەیە، کە جەهەپە نایەوێت دان بە بوونی حکومەتى هەرێمی کوردستاندا وەک ستاتۆیەکی دەستووری لەچوارچێوەى دەستووری فیدڕاڵی عێراقدا بنێت، پارتەکانیش بۆخۆیان بەڵایەکن بەسەر باشووری کوردستانەوە و خۆشیان دەیانەوێت حکومەتى هەریم لاوازبکەن، لەکاتێکدا دەبوو حکومەتى هەرێم بەهێزتر بووایە و حزبەکان بەجەهەپەیان بوتایە سەرەتا بچۆ پەیوەندی لەگەڵ حکومەت دروستبکە، دواتر لەگەڵ حزبەکان پەیوەندی دروستبکە، بۆیە پەیوەندییەکان گوماناوین و لەخزمەتى تێکۆشانی یەکێتیی گەلی کورد و ستاتۆی حکومەتى هەرێمی کوردستان و بەیاساییکردن و بەدەستووریکردنی حکومەتى هەرێمدا نییە.