سەردێر

وەزارەتی ناوخۆ لەبارەی ماتۆڕسكیلەكانەوە بڕیارێك دەردەكات

خەڵك-
وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی كوردستان لەبارەی ماتۆڕسكیلە بێسەرەتاكان و ئەوانەی بە قاچاخ و پارچە یەدەگ داخڵی هەرێمی كوردستان كراون بڕیارێك دەردەكات و دەڵێت، ئەو ماتۆڕسكیلانە تۆماردەكرێن كە بە شێوازی فەرمی لە دەروازە سنوورییەكان هەرێمی كوردستان و عێراق هاوردەكراون.

بەپێی ڕاگەیەندراوێك كە لەلایەن وەزارەتی ناوخۆی حكومەتی هەرێمی كوردستانەوە بڵاوكرایەوە” تۆماركردنی ئەو ماتۆڕسكیلانەی كە لە دەروازە سنوورییەكانی هەرێمی كوردستان و عێراق هاوردەكراون بەپێی رێنمایی ژمارە 7ی ساڵی 2021 ، بەخشینی ئەو ماتۆڕسكیلانەی كە تۆماردەكرێن لە گشت رسوماتی تۆماركردنی (ژینگە و رێگەوبان) و رسوماتی تابلۆ”.
هەر لە ڕاگەیەندراوەكەدا هاتووە”ئەگەر ماتۆڕسكیلەكان لە دەروازە سنوورییەكانی عێراق هاوردەكرا بێت، پێویستە لە بەڕێوەبەرایەتییەكانی هاتووچۆ نووسراو بكرێت بۆ بەڕێوەبەرایەتییەكانی گومرگی تایبەتمەند لە هەرێمی كوردستان بە مەبەستی پەسەندكردنی ئەو مەنەفستانەی كە ماتۆڕسكیلەكەی پێ هاوردە كراوە”.

وەزارەتی ناوخۆ دەڵێت”ماتۆڕسكیلی هاوردەكراو لە دەروازە سنوورییەكانی عێراق بەدەر دەكرێن لە گرێبەستی ئەلیكترۆنی فرۆشتنی ماتۆڕسكیل كە لە رێنمایی ژمارە 2ی ساڵی 2021 دیاریكراوە و تەنها پێویستی بە گرێبەستی ئاسایی هەیە لە نێوان كۆمپانیای هاوردەكراو یان فرۆشیار لەگەڵ خاوەنی ماتۆڕسكیل”.

“ئەو فەرمانە بۆ ماوەی یەك ساڵ و لە 1-09-2021 تاوەكو 1-09-2022 كاری پێدەكرێت، تەنها ئەو ماتۆڕسكیلانە دەگرێتەوە كە پێش 1-09-2021 بە شێوازی فەرمی هاوردەكراون، بە مەرجێك مۆدێلەكانیان گونجاو بێت لەگەڵ رێنمایی ژمارە 7ی ساڵی 2021″، ئەمەش لە ڕاگەیەندراوەكەی وەزارەتی ناوخۆدا ئاماژەی پێكراوە.