سەردێر

ئەمریكا بەدواداچوون بۆ یەكخستنەوەی هێزەكانی 70 و 80 دەكات

خەڵك-

بریكاری وەزارەتی پێشمەرگەی حكومەتی هەرێم لەگەڵ ڕاوێژكاری باڵای هاوكاری ئاسایشی ئەمریكا لەهەرێم كۆدەبێتەوە و ڕایدەگەیەنێت، ڕێكخستنەوەی ئەو هێزانەی یەكەكانی 70 و 80 لە چوارچێوەی تەشكیلەی لیوا دەبێتە هۆی دروستبوونی تەشكیلەی بەرزتر لە شێوەی قیادە.

بەپێی ڕاگەیەنراوێكی وەزارەتی پێشمەرگەی هەرێم، ئەمڕۆ 5/9/2021 سەربەست لەزگین، بریكاری وەزیری پێشمەرگە، پێشوازی لە كۆنۆنێڵ پاتریك دۆگلاس، ڕاوێژكاری باڵای سەربازی ئۆفیسی هاوكاری ئاسایش – عێراق لە كۆنسوڵخانەی ئەمریكا لە هەولێر و شاندێكی یاوەری كرد.

بەپێی ڕاگەیەنراوەكە، لە كۆبوونەوەكەدا تیشكخرایە سەر هەنگاوەكانی وەزارەتی پێشمەرگە لەبارەی جێبەجێكردنی بەرنامەكانی چاكسازی، بەتایبەتی ئەوەی پەیوەندی بە یەكگرتنەوە و یەكخستنەوەی هێزەكانی پێشمەرگەوە هەیە .

لەلایەن خۆیەوە، سەربەست لەزگین ڕوونكردنەوەی پێویستیدا لەبارەی هەنگاوەكانی یەكخستنەوەی هێزەكانی 70و80 لە چوارچێوەی وەزارەتی پێشمەرگە، بەتایبەتی ئەوەی پەیوەندی بە یەكخستنی یەكەی ژمێریاری ئەو هێزانەوە هەیە و وتی، “ئەم هەنگاوە چارەسەری كێشەكانی تر یەكخستنەوە دەكات”.

ئاماژەی بەوەشكرد، ڕێكخستنەوەی ئەو هێزانەی یەكەكانی 70 و 80 لە چوارچێوەی تەشكیلەی لیوا دەبێتە هۆی دروستبوونی تەشكیلەی بەرزتر لە شێوەی قیادە، دروستكردنی قیادە (قیادە والسیگرە) فەرماندەیی و كۆنتڕۆڵكردن بەهێز دەكات، ئەمەش وادەكات هەنگاوەكانی یەكگرتنەوەی ئەو هێزانە خێراتر بێت، بۆئەمەش هەنگای كردەیی دەستی پێكردەوە.

بریكاری وەزیری پێشمەرگە تەئكیدی كردەوە، بەگواستنەوەی هێزەكانی پشتیوانی یەك و دوو بۆ سەر وەزارەتی پێشمەرگە، لە كاتی ئێستا متمانەی تەواو لە نێوان سەرجەم هێزەكانی پیشمەرگە هەیە، بۆ ئەوەی لە ژێر یەك چەتر بەیەكەوە كۆبنەوە.