سەردێر

دووەم سەبەتەی بەشەخۆراك دابەشدەكرێت

خەڵك-

وەزارەتی بازرگانی حكومەتی عێراق دەستكردن بە دابەشكردنی دووەم سەبەتەی بەشەخۆراك بەسەر هاووڵاتیاندا ڕادەگەیەنێت و ئاشكرای دەكات، كە ماددەی خۆراكی دیكە بۆ بەشەخۆراك زیاد دەكەن.

وەزارەتی بازرگانی عێراق لە بەیاننامەیەكدا ئاماژەی بەوەكردووە، بڕێكی زۆری ماددەكانی بەشەخۆراك گەیشتۆتە كۆگاكان و ئامادەكاری دەكرێت بۆ دابەشكردنی وەك دووەم سەبەتەی بەشەخۆراكی مانگانە، كە لە مانگی ڕابردوودا سەبەتەی خۆراكی یەكەم دابەشكرا.

سەبەتەی خۆراكی مانگانە پێكهاتووە لە (برنج و شەكر و زەیت و فاسۆلیا و لەتكەنۆك و دۆشاوی تەماتە) كە بۆ ئەم مانگە (نیسكی هاڕاو)یش زیادكراوە.

محەمەد حەنون، بەڕێوەبەری گشتی كۆمپانیای گشتی خۆراك ڕایگەیاندووە، كە سەرجەم كارمەندان لە ئەركدان بۆ وەرگرتن و كۆگاكردنی بەشەخۆراكی گەیشتوو لە بەندەرەكانەوە و وەرگرتنی نمونە بۆ پشكنین.

ئاماژەی بەوەشكردووە، پلانیان داناوە بۆ دەستكردن بە دابەشكردنی دووەم سەبەتەی خۆراكی بە زووترین كات دوای دەرچوونی ئەنجامی پشكنینی بەشەخۆراك، كە ئێستا لە كۆگاكان ئامادەیە.

جەختیشی كردۆتەوە، سەرجەم بریكارەكان ئاگاداركراون تاوەكو خستەیەك دابنێت بۆ دابەشكردنی بەشەخۆراك بەجۆرێك زۆرترین خەڵكی هەژار و نەدار سوودمەندبێت لێی.