سەردێر

سیاسەتمەدارێكی كورد: كازمی دەبێتەوە بە سەرۆك وەزیران

خەڵك-
سیاسەتمەدارێكی كورد پێشبینی دەكات لە دوای هەڵبژاردنەكەی 10ی تشرینی یەكەمی داهاتوو، مستەفا كازمی سەرۆك وەزیرانی ئێستا، بۆ جاریی تر پۆستەكە بگرێتەوە دەست.

مەحمود عوسمان، سیاسەتمەداری كورد، لە دیمانەیەكی تەلەفیزیۆنی لەگەڵ یەكێك لە كەناڵە عیراقییەكان ڕایگەیاند:”ڕەنگە ڕەوتی سەدر لە هەڵبژاردنی داهاتوودا وەك سەركردەكانی باسی دەكەن، زۆرینەی هەرە زۆری كورسییەكانی پەرلەمانی داهاتوو دەستەبەر بكەن، ئەمەش ڕێخۆشكەر دەبێت بۆ كازمی كە لەلایەن ڕەوتەكەوە پشتوانی دەكرێت، جارێكی تر پۆستی سەرۆكی حكومەت وەربگرێتەوە”.

بە وتەی مەحمود عوسمان:”زۆرێك لە سەردەكانی ڕەوتی سەدر لەوانە، حاكم زاملی كە بە كەسێتییەكی بەهێزی نێو ڕەوتەكە دادەنرێت، دەڵێن لە هەڵبژاردنی ئەمجارەدا، لانی كەم 100 كورسی دەستەبەر دەكەن، لەو ڕوانگەیەوە پێدەچێت سەدرییەكان بۆ سەرۆكایەتی حكومەتی داهاتوو، كازمی دەستنیشان بكەنەوە”.

ڕەوتی سەدر لەئێستادا بە بەهێزترین فراكسیۆنی پەرلەمانی لەنێو ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراقدا دادەنرێت و خاوەنی گەورەترین بنكەی جەماوەریە لە شەقامی عیراقی، پێشبینیش دەكرێت لە هەڵبژاردنی داهاتوودا، زۆرینەی دەنگەكان بەدەستبهێنێت كە یارمەتی دەدات سەرۆكی حكومەتی داهاتوو دەستنیشان بكات.