سەردێر

سەرۆكی دەستەی ئاماری هەرێم: هیچ ئامادەكارییەك بۆ سەرژمێری نەكراوە

خەڵك- ئارام سەردار
بڕیاربوو لەكۆتایی ئەمساڵ، پڕۆسەی سەرژمێری گشتی لەعیراق ئەنجام بدرێت، سەرۆكی دەستەی ئاماری هەرێم ڕایدەگەیەنێت، ئێمە چاوەڕوان بووین لەیاسای بوودجەی ٢٠٢١ بڕێك پارەی گونجاو بۆ پڕۆسەكە تەرخان بكرێت، بەڵام هیچ بڕە پارەیەك تەرخان نەكراوە، هیچ ئامادەكارییەكیش لەعیراق و هەرێمی كوردستان نەكراوە.

سیروان محەمەد؛ سەرۆكی دەستەی ئاماری هەرێم لەم چاوپێكەوتنە لەگەڵ تۆڕی میدیایی (خەڵك) ڕایگەیاند، هیچ ئایندەیەكی وا نابینیم بۆ ئەنجامدانی سەرژمێری لەڕووی ئامادەكاریەوە، بەپێی ئەزموونی ئێمە كە بینیومانە لەئوردن و میسڕ دووساڵی ترمان پێویستە بۆ ئەوەی ئامادەكاری تەواوبكەین.

خەڵك؛ پڕۆسەی سەرژمێری لەعیراق ئەنجام دەدەرێت؟
سیروان محەمەد؛ هەر لەسەرەتاوە ئامادەكاریەكانی سەرژمێری بەسستی بەڕێوەچووە، دواین هەنگاو لەكۆتایی ساڵی ٢٠٢٠ بەهۆی قەیرانی دارایی و كۆڕۆنا دواخرا بۆ كۆتایی ساڵی ٢٠٢١، ئێمە چاوەڕوان بووین لەیاسای بوودجە بڕێك پارەی گونجاو بۆ پڕۆسەكە تەرخان بكرێت، بەڵام هیچ بڕە پارەیەك تەرخان نەكراوە، هیچ ئامادەكاریەكیش لەعیراق و هەرێمی كوردستان نەكراوە، بڕیاری فەڕمیش بۆ ئەنجامدانی سەرژمێری یان دواخستنی بۆ كاتێكی دیكە لەلایەن وەزارەتی پلاندانانی عیراق بەئێمە نەگەیشتووە.

خەڵك؛ گرنگی ئەنجامدانی سەرژمێری چیە؟
سیروان محەمەد؛ گەورەترین پڕۆسەی كۆكردنەوەی داتایە هەموو وڵاتێك ئەنجامی دەدات، دەوڵەت لەڕێگەی جۆراوجۆر داتا كۆدەكاتەوە بەنموونە لەسیستەمی باج، لە دایك بوون كۆچكردن، بەڵام سەرژمێری دەتگەیەنێت بە نزیكترین و دوورترین یەكەی كارگێڕی لەوڵات، عیراقیش لەساڵی ١٩٨٧ەوە سەرژمێری ئەنجام نەداوە، لەم پڕۆسەیە دەردەكەوێت بەپێی پێویست سامانی وڵات دابەش بكەی، ڕاسپاردەی نێودەوڵەتیش دەڵێت گەر سەرژمێری نەبێت دەبێت بەخەمڵێنراوی سەروەت و سامان دابەش بكەی، ئەمەش پڕۆسەكە دادپەروەری تێدا نابێت، لەگەڵ ئەوەش دوای سەرژمێری لەكەرتەكان داتا دەست دەكەوێت بەنموونە لەكەرتی تایبەت سەرژمێری ئابووری ئەنجام بدەی بزانی چی كراوە لەفراوانكردنی ئەو كەرتە و دۆخی ئابووری، سوود وەرگرتن لەسامانی وڵات.

خەڵك؛ كورد بەلایەوە گرنگە سەرژمێری بكرێت، بەتایبەت لەسەر ناوچە كێشە لەسەرەكان، چی دەكەن تاوەكو پڕۆسەكە ئەنجام بدرێت؟

سیروان محەمەد؛ سێ كۆبوونەوەی دەستەی باڵا لەبەغدا ئەنجام دراوە، حكومەتی هەرێمیش گرنكی زۆری بەناوچە كێشە لەسەرەكان داوە و یەكێك بووە لەتێبینییەكان، یەكێك لەوانە شێوازی ئەنجامدانی سەرژمێری بووە، لیژنەیەك پێكهێنرا ڕاسپاردەش درا بە لایەنی عیراق، بەڵام نەگەیشتینە ئەوەی لەگەڵ لایەنی تەكنیكی و سیاسییەكانیش باسی بكەین، چونكە لەسەرەتا لە ٢٠٠٩ لایەنە سیاسییەكان ڕێگریان كرد لەوەی سەرژمێری لە موسڵ و كەركوك ئەنجام بدرێت، تائێستاش ئەو خاڵە چارەسەرنەكراوە.

خەڵك؛ كەواتە ئەنجامدانی سەرژمێری كارێكی ئەستەمە؟
سیروان محەمەد؛ هیچ ئایندەیەكی وا نابینیم بۆئەنجامدانی سەرژمێری لەڕووی ئامادەكاریەوە، بەپێی ئەزموونی ئێمە كە بینیومانە لەئوردن و میسڕ دووساڵی ترمان پێویستە بۆئەوەی ئامادەكاری تەواوبكەین، ئینجا دەبێت هەندێ خاڵی سیاسی ئەنجامبدرێت تا سەرژمێریەكی ڕاست و دروست بێت، جێگای باوەڕبێت لەهەموو ناوچەكانی عیراق.

خەڵك؛ لەبەرژەوەندی كێیە ئەگەر سەرژمێری ئەنجام بدرێت؟
سیروان محەمەد؛ گەر ئەو پڕۆسەیە لەم كاتەدا ئەنجام بدرێت ڕەنگە هەندێكمان قازانجمان هەبێ، بەشێوازی ئەلیكتڕۆنی بزانین ژمارەی دانیشتووان چەندە، چونكە قسە هەیە عیراق ٤٠ ملیۆن كەس دەبێت هەرێمی كوردستانیش نزیكەی ٦ ملیۆن، سەرژمێری ئەو قسانە ناهێڵێت، دواتر لەپڕۆسەی تەندروستی و پەروەردە و بوارەكانی دیكەی ئابووری گەر گروپی تەمەنەكان لەسەر بنەمایەكی ڕاست بزانین، دەتوانین پلانەكان لەڕووی كەرتەكانی وەك پەروەردە و بێ كاری كاری لەسەر بكەین، پشت بە ڕووپێوی تایبەت نەبەستین تەنها ژمارە باس بكەین، ئینجا دەگەین بەوەی هەر ناوچەیەك پێویستی بە چی هەیە لەڕووی كار، قوتابخانە، تەندروستی و كەرتەكانی تر.

خەڵك؛ هەرێمی كوردستان دەتوانێت بۆخۆی سەرژمێری ئەنجام بدات؟
سیروان محەمەد؛ ئەگەر هەرێم وڵات بوایە یان نیمچە دەسەڵاتی هەبوایە بەپێی دەستوور لەم بوارە ڕەنگە سوودی هەبوایە، بەڵام بەهۆی ئەوەی بەشێكین لەعیراق و زۆر بابەت بەستراوەتەوە بەعیراق، ڕەنگە سوودی ئەوتۆی نەبێت، ڕەنگە داتای باشمان دەست بكەوێت لەڕووی ژمارە و پێكهاتە وكار و كەرتەكانی تر، بۆیە باشترە لەعیراق بەیەكەوە ئەنجام بدرێت تابزانین قەبارەمان چەندە، لەگەڵ ئەوەش ئەگەر بمانەوێت شتێك ئەنجام بدەین ڕێگری دەستووریش هەیە، بۆیە دەبێت ئەوكات بڕیاری پەڕلەمان هەبێت و ئامانجەكەش دیار بێت بۆچی دەیكەین لەژێر ناوێكی تریش بێت.

خەڵك؛ پێشبینی دەكەن كەی سەرژمێری ئەنجام دەدرێت؟
سیروان محەمەد؛ ئەگەر بمانەوێت سەرژمێری ئەلیكتڕۆنی ئەنجام بدەین بەتابلێت كە پێشتر بەكاغەز بووە، دوو ساڵ ئامادەكاری چڕمان پێویستە تاوكو ڕاهێنانی باش بەتوێژەران و بژمێرەكان بكەین كە بتوانن بەباشترین شێوە كارەكان ئەنجام بدەین، بەڵام دەشبێت زەمینەش هەبێت چونكە ناكرێت ساڵێك بڵێین سەرژمێری دەكەین، ساڵێك بڵێین بوودجە نییە یان دۆخی سیاسی تەواو نییە لایەنە سیاسیەكان ڕێك نەكەوتوون.