سەردێر

كاتی دەوامی فەرمانبەران گۆڕانكاری تێدا دەكرێت

خەڵك-
لەگەڵ سەرهەڵدانی ڤایرۆسی كۆرۆنا و دەستكردن بە لێبڕینی مووچە، دەوامی فەرمانبەران كرا بە تەناوب و كاتژمێرەكانی دەوامیش كەم كرانەوە، بەجۆرێك دەوام لە 9ی بەیانی دەستی پێدەكرد بۆ 12ی نیوەڕۆ، بەڵام لە ئێستادا بە بڕیاری حكومەتی هەرێم گۆڕانكاری تێدا كراوە.

بەپێی نووسراوێكی بەڕێوەبەری دابەشكردنی كارەبای سلێمانی، كە ئاڕاستەی كارگێڕی كردووە، بڕیار دراوە دەوامی فەرمانبەران لە 8:30ی بەیانی دەستپێبكات و هەموو ڕۆژێك بەبێ‌ تەناوب دەوام بكرێت.

هاوكات، فەرمانگەی كارەبای بەكرەجۆ لە ئاگادارییەكدا بۆ سەرجەم كارمەند و فەرمانبەرانی فەرمانگەكە ڕایگەیاندووە، “بەپێی فەرمانی بەڕێوبەرایەتی گشتی دابەشكردنی كارەبای سلیمانی، دەوامی فەرمانبەران لە كاتژمێر ۸:۳٠ دەست پێدەكات”.

جەختیشی كردۆتەوە، هەموو ڕۆژێك لە یەك شەممە تا پینج شەممە دەوام دەكرێت و هەمووان پابەندبن پێوەی.

ئەمە لەكاتێكدایە، كە سەرەڕای هەڵكشانی ژمارەی تووشبووان بە ڤایرۆسی كۆرۆنا و تووشبوونی ژمارەیەكی زۆری فەرمانبەران بە پەتاكە، بەڵام لەگەڵ پێدانی یەكەم مووچە بەبێ‌ لێبڕین لە مانگی ڕابردوودا دەوامی فەرمانبەران ئاسایی كراوەتەوە و ڕۆژانە دەوام لە كاتژمێر 8:30 بۆ 1:30 كراوەتەوە لە یەك شەممە بۆ پێنج شەممە لەكاتێكدا هێشتا مافی پلەبەرزكردنەوە بۆ فەرمانبەران نەگەڕێنراوەتەوە.